گوژمەیەکی دیکەی پارەی جووتیارانی کوردستان خەرج کرا
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی رایدەگەیەنێت، وەزارەتی بازرگانیی عێراق دووەم گوژمەی پارەی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد و لە دوو رۆژدا رێکارە یاساییەکان بۆ دابەشکردنی تەواو دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕی 63.4 ملیار دیناری دیکەی وەک دووەمین گوژمەی ئەمساڵی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد.
پارەکە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دیاری کراوە:
- پارێزگای هەولێر: 20 ملیار و 921 ملیۆن دینار.
- پارێزگای سلێمانی: 22 ملیار و 605 ملیۆن دینار.
- پارێزگای دهۆک: 19 ملیار و 876 ملیۆن دینار.
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی کردەوە، لەم دوو رۆژەدا رێکارە یاساییەکان تەواو دەکەین و شایستە داراییەکانی جووتیاران دابەش دەکەین.
ئەمساڵ حکوومەتی عێراق نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن، هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیراوە. نرخی هەر تۆنێکی گەنمی نێو پلانی چاندن بە 700 هەزار دینار و ئەوەی دەرەوەی پلانیش، بە 500 هەزار دینار دیاری کرابوو.
بەپێی خەمڵاندنی بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بە نزیکەی 300 ملیار دینار مەزەندە کراوە. لە تشرینی یەکەمی 2026، یەکەم گوژمەی پارەی گەنمی ئەمساڵ بە بڕی 15 ملیار و 245 ملیۆن دینار گەیشتە هەرێم (پێنج ملیار و 435 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی، پێنج ملیار و 30 ملیۆن دینار بۆ هەولێر و چوار ملیار و 780 ملیۆن دینار بۆ دهۆک)، لەگەڵ زیاتر لە حەوت ملیار دینار وەک دوایین بەشی ماوەی شایستەی ساڵی 2025.