جەمال کۆچەر: شوێندەستی هەرێمی کوردستان بەسەر بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراقەوە دیارە

K24 - هەولێر:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بەشێوەیەکی گشتی لەسەر دوو تەوەر گفتوگۆی کردووە، ئەندامێکی لیژنەکەش ئاماژە بەوە دەکات شوێندەستی هەرێمی کوردستان بەسەر بودجەی گشتیی عێراقهوه دیارە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بەشێوەیەکی گشتی لەسەر دوو تەوەر گفتوگۆمان کرد، یەکەم باسمان لە داهاتەکانی دەوڵەتی عێراق کرد، کە ئەو ژمارەیە لە کوێوە هاتووە و تا چەندە راستەقینەن؟ تەوەری دووەمیش پەیوەست بوو بە بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق، کە مایەی سەرنجە لەم بودجەیەدا دوو شت دیارن، یەکەم شوێندەستی هەرێمی کوردستان بەسەر ئەو بودجەیەدا دیارە، بۆ نموونە جاری یەکەمە باسی چوار تریلیۆن دەکرێت، کە پەیوەستن بە سەرچاوە ناگازییەکان کە دێنە ناو بودجەی گشتییەوە، هەروەها باسی پشکی هەرێمی کوردستان کراوە، کە بریتییە لە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەوەش کرد، لیژنەکە بۆ ئەوە کۆبووەتەوە تاوەکو رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بچێتە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی دەست بە خوێندنەوەی بکرێت.
ئەمڕۆ (سێشەممە 3ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو (5ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)ـی بڵاوکردەوە، کە کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی کارنامەکە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025 دەکات، کە لە 67 ماددە پێکهاتووە.
star