ئەمساڵ لە 10 رۆژدا پارەی گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بازرگانی عێراق دوو پلانی هاوردە و بە بازاڕکردنی بۆ دابینکردنی گەنم راگەیاند، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕی 500 ملیار دیناری ئامادە کردووە بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران.

محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، "بایەخێکی زۆر بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم هەیە، کە لە یەکەمی مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە، هەموو رێکارەکانیش گیراوەتەبەر بۆ وەرزی بە بازاڕکردن.".

حەنون گوتیشی: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕی 500 ملیار دیناری ئامادەکردووە، وەک شایستە داراییەکانی جووتیاران، ئەمەش بۆ یەکەمجارە حکومەت پێش دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئەو بڕە پارە تەرخان دەکات".

دەشڵێت: "ئەو جووتیارانەی کە گەنمە رادەست دەکات تەنها لە ماوەی 10 رۆژدا پارەی گەنمەکەیان وەردەگرن".

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق روونیشی کردەوە، بڕی گەنمی بە بازاڕکراو پێشبینی دەکرێت بگاتە 4 ملیۆن تۆن، پێویستی بۆ بەشەخۆراکی هاووڵاتیان 4 ملیۆن و 500 هەزار تۆنە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرێبەستێک لەگەڵ ئوستراڵیا و ئەمەریکا کراوە بۆ هاوردەکردنی یەک ملیۆن و 50 هەزار تۆن گەن.

حەنون ئەوەشی خستەڕوو، پرسی گەنم بە تەواوی مسۆگەرە پلانی هاوردە و بە بازاڕکردن هەیە لەسەر بنەمای وەرگرتنی هەموو بڕێک لە جووتیاران بە پارێزگاکانی کوردستانیشەوە، هەروەها رێوشوێنی توند هەیە بۆ رێگریکردن لە هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوەی وڵاتەوە.