سعوودیە ناتوانێت عومرەکاری زیاتر وەربگرێت

عومرەكاران - ئەرشیف
عومرەكاران - ئەرشیف

K24 - هەولێر

رۆژنامەی عوکازیی سعوودی ئاشکرایکردووە، سعوودیە چیتر ناتوانێت پێشوازی لە عومرەکاران بکات بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز، چ ئەوانەی لە ناوەوە یان دەرەوەی سعوودیەوە دێن.

مانگی رەمەزان پەلەکردنێکی زۆر بۆ ئەنجامدانی عومرە دەکرێت، بەتایبەتی لە دە رۆژی کۆتاییدا کە بە قەرەباڵغترین قۆناغی دوای وەرزی حەج دادەنرێت.

ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنی، "نوسک"ی وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە، دەریخست کە لە ماوەی مانگی رەمەزاندا هیچ توانای مانەوەی زیارەتکاران نەماوە بۆ جێبەجێکردنی رێوڕەسمەکانی عومرە.

وەزارەتی حەج و عومرە پێشتر دووپاتی کردەوە، کە لە مانگی رەمەزاندا رێگە نادرێت زیاتر لە جارێک عومرە بکرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدرێت بە زۆرترین ژمارەی زیارەتکاران بۆ ئەنجامدانی ئەو رێوڕەسمە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رازیبوون بە ئەنجامدانی یەک عومرە لە مانگی رەمەزاندا یارمەتیدەرێکی زۆرە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت بە کەسانی دیکە کە بە "ئارامی و ئاسانکاری" عومرە ئەنجام بدەن.

هۆشداریدا لەوەی کە پێدانی مۆڵەت لە ئەپڵیکەیشنی "نوسک"ەوە پێویستە بۆ ئەنجامدانی عومرە، لەگەڵ پابەندبوون بە کاتی دیاریکراو.

پێشتر وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە بەردەستبوونی مۆڵەتی عومرەی بۆ مانگی رەمەزان راگەیاندبوو، لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "نوسک"ەوە، بۆ هاووڵاتیان و دانیشتووانی ناوەوەی سعوودیە و بۆ ئەو حاجیانەی لە دەرەوەی سعوودیە دێن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حاجیانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەتوانن لە مانگی رەمەزاندا، بەپێی توانا، لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەوە سەیری بەروارە بەردەستەکانی عومرە بکەن، پاشان ئەوەی لەگەڵیاندا دەگونجێت هەڵیبژێرن و مۆڵەتەکە وەربگرن.

جەختیشی لەوە کردەوە کە مۆڵەتی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن پێویستی بە بوونی ڤیزە هەیە لە کاتی حجزکردنەکەدا.