مێسی مووچه‌ 400 ملیۆن یۆرۆیه‌كه‌ی یانه‌ی هیلالی ره‌تكرده‌وه‌

لیۆنێل مێسی یاریزانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان
لیۆنێل مێسی یاریزانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان

فابریزیۆ ڕۆمانۆ رۆژنامه‌نووسی ناوداری ئیتاڵی ئاشكرای كردووه‌ یانەی هیلالی سعوودیه‌ ئۆفەرێکی نوێی پێشکەش بە لیۆنێل مێسی كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و هێرشبه‌ره‌ی پاریس سانجێرمان ره‌تی كردووه‌ته‌وه‌.

فابریزیۆ ڕۆمانۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ سه‌رۆكی یانه‌ی هیلال ئۆفه‌رێكی به‌ به‌های مووچه‌ ساڵانه‌ی 400 ملیۆن یۆرۆ پیشكه‌شی لیۆنێل مێسی كردووه‌ كه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ دوو هێنده‌ی پاره‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆیه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌سڕی سعوودی وه‌رده‌گرێت.

فابریزیۆ رۆمانۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی قورسه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بژارده‌ی یه‌كه‌می لیۆنێل مێسی مانه‌وه‌یه‌تی له‌ خوله‌كانی ئه‌ورووپا.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، پێگه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ لیۆنێل مێسی ئۆفه‌ره‌ 400 ملیۆن یۆرۆیه‌كه‌ی یانه‌ی هیلالی سعوودی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هەواڵێکی خۆشە بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا کە هیوادارن لیۆ بگەڕێتەوە بۆ "کامپ ​​نوو".

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ ڕۆژنامەی گاردیانی به‌ریتانیا له‌سه‌ر زاری ڕافا یستی جێگری سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بڵاویکردەوە، یانەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نوێنەرانی لیۆنێل مێسی سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە.

بەپێی تۆڕی هه‌واڵی "فوت مێرکاتۆ"ـی فەرەنسی، لیۆ ئامادەیە قوربانییەکی دارایی زۆر بدات بدات بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی بۆ کامپ نو.

مێسی لە هاوینی 2021 بارسێلۆنای جێهێشت، دوای ئەوەی هەردوولا نەیانتوانی گرێبەستەکەی درێژبکەنەوە بەهۆی یاسای دارایی خاوێن له‌ ئیسپانیا، ئەمەش وایکرد وەک یاریزانێکی ئازاد بچێتە پاریس سانجێرمان.