وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: بەهۆی زۆربوونی چالاکییەکانی پەکەکە گەشتە ئاسمانییه‌كان بۆ سلێمانی راگیراون

"بڕیارەکە هەتا سێی تەمووزی 2023 کاری پێدەکرێت"

فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی
فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، داخستنی ئاسمانیی تورکیای بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەهۆی زۆربوونی چالاکییەکانی پەکەکە پشڕاستکردەوە.

تانژۆ بیلگیچ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لەمبارەیەوە رایگەیاند، لە سێی نیسانەوە، ئاسمانیی تورکیا بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی-عێراق بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاریدەهێنن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هەروەها راشیگەیاند، بەهۆی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی و دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی گەشتەکان، ئەو بڕیارە دراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارەکە هەتا سێی تەمووزی 2023 کاری پێدەکرێت، هەتا ئەو بەروارە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین و لەژێر رۆشنایی ئەوانەدا چاوی پێدا دەخشێنینەوە.

رۆژی سێشەممە (4ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بە بەبوونی "پردێکی ئاسمانی" کردووە لەنێوان عێراق و سووریا کە گوایە چەکدارانی پەکەکە دەگوازنەوە لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە، ئەو رێگایە دوای کەوتنەخوارەوەی دوو هەلیکۆپتەر لە مانگی رابردوودا لە سنووری ناحیەی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک ئاشکرابووە.

Fly Erbil Advertisment