لە ئیستانبوڵ تەقە لە بارەگای جەهەپە دەکرێت و چوار کەسیش بەوهۆیەوە دەستگیرکران
K24 – هەولێر:
دوای هەفتەیەک لە تەقەکردن لە بارەگای ئیی پارتی، تەقە لە بارەگای جەهەپە لە ئیستانبوڵ دەکرێت و بەو هۆیەشەوە، چوار کەس دەستگیرکران.
لەراگەیەندراوێکدا پارێزگای ئیستانبوڵ ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقەکردن لە نزیک باڵەخانەی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە لە ئیستانبوڵ چوار کەس دەستگیرکراون و لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا دەست بەسەر چەکێک و ماددەی هۆشبەردا گیراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە بەمەبەستی تۆمارکردنی ڤیدیۆ و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، یەکێک لە دەستگیرکراوان تەقەی کردووە و پۆلیسی ئیستانبوڵیش بەدوای یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی رووداوەکە دەگەڕێت.
رۆژی پێنجشەممە (6ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، جانان کافتانجیئۆغڵو، سەرۆکی لقی جەهەپە لە ئیستانبوڵ لە تویتێکدا رایگەیاند، کاتژمێر پێنجی بەیانی، هێرشێکی چەکداری لەو ناوچەیە روویداوە کە باڵەخانەی لقەکەیانی تێدایە و بە بۆچوونی ئەوان، هێرشەکە بۆ سەر باڵەخانەکەیان بووە.
ئەمەش بە دووەم رووداوی تەقەکردن دادەنرێت لە ماوی 10 رۆژی رابردوودا، کاتێک رۆژی هەینی (31ـی ئادار/مارسی 2023)، ئیبراهیم ئۆزکان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقە لە بارەگای سەرەکی پارتەکەیان لە ئیستانبوڵ کراوە، بەبێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت ئاراستەی هیچ لایەنێک بکات.