خه‌لافه‌ت ده‌ڕووخێت
داعش ئاماده‌كاری بۆ ڕووخاندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
ڕێكخراوی داعش، چه‌كدار و لایه‌نگرانی بۆ قۆناغی ڕووخانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی ئاماده ده‌كات، كه له مانگی حوزه‌یرانی 2014 وه ڕایگه‌یاندووه.
ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست" له‌و باره‌یه‌وه نوسیویه‌تی" ڕێكخراوی داعش، چه‌كدار و لایه‌نگرانی بۆ ڕووخانی "خه‌لافه‌ت" ئاماده ده‌كات، كه پێش دوو ساڵ، له‌سه‌ر خاكه داگیركراوه‌كانی، عێراق و سوریا ڕایگه‌یاندبوو.
ڕۆژنامه‌كه نوسیویه‌تی" سه‌ركرده‌كانی داعش له ڕاپۆرت و بڵاوكراوه و چالاكی و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیاندا، به ئاشكرا ده‌بینرێت، كه ده‌یانه‌وێت ئاماژه‌ی ئه‌وه به چه‌كدار و لایه‌نگران و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ڕێكخراوه‌كه‌دا ده‌ژین بگه‌یه‌نێت، كه داعش خاكێكی زۆری له مه‌یدانی شه‌ڕدا له ده‌ستداوه، و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه لانه‌ی سه‌ركیی ئه‌و ڕێكخراوه و ئه‌و ناوچانه‌ی تا ئێستا له ژێر ده‌ستیدایه، له ده‌ست بچێت.
له هه‌مان كاتدا، ئه‌و ڕێكخراوه پێگیری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه سوورن له‌سه‌ر ئامانجه‌كانیان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانیان له كار و كرده‌ی نهێنیدا ده‌ست به‌كار بوون،و شاره‌زایانی دژه تیرۆری ئه‌مریكی پێیانووایه" هێرشه تیرۆریستییه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی داعش له "ئیستانبوڵ" و "به‌غدا" وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كه له‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌سه‌ر بارودۆخی سه‌ربازی و شه‌ڕ له عێراق و سوریا دووچاری هاتوون.
"واشنتن پۆست" له زاری شیكه‌ره‌وه‌كانه‌وه نوسیویه‌تی" هێرشی له‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌وكاتانه‌ی له مه‌یدانی شه‌ڕ خاكی زیاتر له ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌رده‌وامی بارودۆخه‌كه‌ش داعش له خه‌لافه‌ته‌وه دێنێته خواره‌وه و ده‌یگۆڕێت بۆ "شانه" ی نهێنی و له شێوه‌ی یه‌كه و شانه‌ی تایبه‌ت دابه‌ش ده‌بن و به‌لای كه‌مه‌وه له سێ كیشوه‌ردا بڵاوده‌بنه‌وه.
له ماوه‌ی ڕابردووش‌دا، شیكه‌ره‌وه‌كانی كۆمپانیای هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌مریكی(IHS ) له ڕاپۆرتێكیاندا ڕایانگه‌یاند بوو، له‌م مانگانه‌ی دواییدا، داعش "چواریه‌كی" ئه‌و خاكه‌ی له عێراق و سوریا له بن ده‌ستیدا بووه، له ده‌ستیداووه، و قه‌باره‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌شی له ده‌ستیداوه، هێنده‌ی هه‌موو خاكی ئیرله‌ندایه.