نۆ کەشتی جەنگی و 58 فڕۆکەی چینی لە دەوروبەری تایوان بیندراون

کەشتیەکی جەنگی چین
کەشتیەکی جەنگی چین

K24 - هەولێر:

وەزارەتی بەرگری تایوان رایگەیاند، نۆ کەشتی جەنگی و 58 فڕۆکەی چینی لە دەوروبەری دوورگەی تایوان بیندراون.

وەزارەتی بەرگری تایوان ئاشکرایکرد، لەرێگەی سیستەمی هەواڵگری هاوبەشەوە چاودێری جوڵە سەربازییەکانی چین دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەنێو فڕۆکە چینییەکاندا، فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەی بۆمب-هاوێژ هەبووە.

لەلایکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە چین کرد دان بەخۆیدا بگرێت و کاردانەوەی هەڵەی لەبەرامبەر تایوان نەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راشیگەیاند، هێشتا لەگەڵ چین لە پەیوەندیدان و داوایان لێدەکەن نەبنە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ئاسیا.

باسی لەوەشکرد، ئەمەریکا لەوە دڵنیایە کە توانای دابینکردنی ئارامی و ئاسایشی لە رۆژهەڵاتی ئاسیا هەیە و پابەندبن بەو بەڵێنانەی لەو بارەیەوە داویانە، لەنزیکیشەوە ئاگاداری مانۆڕە سەربازییەکانی چینن.

ئەمە لەکاتێکدایە، 8ی ئەم مانگە چین مانۆڕێکی سەربازی سێ رۆژەی لە گەروی تایوان دەستپێکرد و بەپێی گووتەی بەرپرسانی چینیش ئامانج لە مانۆڕەکە هۆشداریدانە بە سەربەخۆخوازە تایوانییەکان.

Fly Erbil Advertisment