بڵاوبوونەوەی هەندێک بەڵگەنامە نهێنیەکانی ئیسرائیل ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر
لێکۆڵینەوەیەکی ئەمەریکی لەسەر دزەپێکردنی بەڵگەنامە سەربازییە نهێنییەکان دەستیپێکرد، کە زۆر شتی لەبارەی وڵاتانی هاوپەیمانەوە ئاشکرا کرد، لەوانەش نیازی ئیسرائیل بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، دوای ئەوەی بێلایەنی خۆی لەم ململانێیەدا راگەیاند بەمەبەستی پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی "CNN"، ئەو زانیارییە نهێنییە دزەپێکراوانە بریتی بوون لە زانیاری نهێنی سەبارەت بە ئیسرائیل سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی بۆ ناردنی چەکی کوشندە بۆ ئۆکرانیا.
بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی پێنتاگۆن جەختیان لەوەکردبووەوە، کە سەرکردایەتی مۆساد، دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل، هانی هاووڵاتیان و کارمەندەکانی داوە بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت.
بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوەی کە بە نهێنی سەرەکی ناوبراوە، باس لەوە دەکات کە لە مانگی شوباتدا سەرکردە باڵاکانی دەزگای هەواڵگری مۆساد داوایان لە بەرپرسانی مۆساد و هاووڵاتیانی ئیسرائیل کردووە کە ناڕەزایەتی دەرببڕن لەسەر پێشنیارەکانی چاکسازی دادوەری بۆ حکومەتی نوێی ئیسرائیل، لەنێویاندا چەندین بانگەوازی ئاشکرا بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی ئیسرائیلی تیدابووە.
رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، دەستوەردانی راستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی ئیسرائیلدا لەلایەن مۆسادەوە، کە دەزگایەکی هەواڵگرییە، رێگری لێدەکرێت.
هەینی رابردوو کۆمەڵە بەڵگەنامەیەکی نهێنی کە پێدەچێت وردەکاری نهێنییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکای تێدابێت، لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە.
پێنتاگۆن رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر راستەقینەی ئەو بەڵگەنامانە بدات، بەڵگەنامەکان لە تویتەر و تێلێگرام بڵاوکرایەوە، بەرواری یەکەمی مانگی ئاداری لەسەرە و مۆری ئاماژە بە پۆلێنکردنی وەک، نهێنی و زۆر نهێنی لەسەرە.
گوتەبێژی CIA، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی کردووە، ئاگاداری ئەو پۆستانەیە و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات.