ئاژەڵی کێوی کاریگەری دەبێت بۆچارەسەری گەرما

K24 - هەولێر

زانایان و توێژەران گەڕانەوەی جۆەرکانی ئاژەڵی کێوی بۆ ناو سرووشت بە چارەسەری قەتیسبوونی گەرما دادەنێن.

پیسبوونی ژینگە و قەتیسبوون و گەرمبوونی زەوی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووەتە جێی مشتومڕی زانایان و جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و لەسەر ئاستی باڵای وڵاتاندا چەندین کۆڕ، کۆڕبەند و کۆنفرانسی بۆ دەبەسترێت، بەشێوەیەک سەرکردەی وڵاتان تێیدا بەشدار دەبن و بیروڕاکانیان دەگۆڕنەوە.

تیمێک لە زانایان و توێژەرانی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی زانکۆی یێل (Yale University)ـی ئەمەریکی لە گەڕان و بەدواداچوونێکدا بەو ئەنجامە گەیشتوون، گەڕانەوەی جۆەرکانی ئاژەڵی کێوی بۆ ناو سرووشت یارمەتیدەر دەبێت بۆ دانانی سنوورێک بۆ قەتیسبوونی گەرمای زەوی و گۆڕانی نەرێنی ژینگە و کەشوهەوا، بەشێوەیەک بۆچوونیان وایە ئاژەڵی کێوی کار دەکات بۆ وەرگرتنی کاربۆنی سرووشتی و هەڵگرتنی لە بانکی کاربۆنی لە سیستمی ژینگەدا کە پێکدێت لە چەند کۆگایەکی زیندوو یانیش دەستکرد، کە ئەرکیان بریتییە لە کۆکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ماوەیەکی نادیار.

توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، کێشەی کەشوهەوا و تەنگژەی هەمەجۆری بایۆلۆژی دوو پرسی لێکدانەبڕاون و پێویستە گەڕانەوەی جۆەرکانی ئاژەڵی کێوی بۆ ناو سرووشت بخرێتە ناو پڕۆگرام و پاکێجی یەکێک لە چارەسەرییە بنەڕەتییەکانی کێشە و گۆڕانی نەرێنی ژینگە و کەشوهەوا.