وێنەی سەرکردەی ئوسترالییە رەسەنەکان لەسەر جۆرە پارەیەکی ئەو وڵاتە چاپ دەکرێت

K24 - هەولێر:

چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی ئوسترالیا بۆ بەرزڕاگرتن و هێشتنەوەی ناوی سەرکردەی ئوسترالییە رەسەنەکان، کە هەفتەی رابردوو لە تەمەنی 74ـی ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، وێنەیەکی ئەو سەرکردە رووحییە لەسەر یەکێک لە دراوەکانی ئەو وڵاتە چاپ بکات.

بانکی ناوەندی ئوسترالیا شوباتی ئەمساڵ رایگەیاندبوو جۆرە پارەیەکی نوێ چاپ دەکات کە بەهاکەی پێنج دۆلارە و وێنەی چارلسی سێیەم، پادشای بەریتانیای لەسەر لادەبرێت، بەڵکو وێنەیەکی لەسەر دیزاین دەکرێت کە گوزارشت لە کولتوور و مێژووی ئوسترالییە رەسەنەکان دەکات.

یۆنۆبینگۆی سەرکردەی ئوسترالییە رەسەنەکان رۆژی دووشەممەی رابردوو کۆچی دوایی کرد، بە مردنەکەیشی ئەنتۆنیۆ ئەلبانێز، سەرۆکی ئوسترالیا کە هەوڵ دەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیستمی پادشایەتی بەریتانیا بپچڕێنێ، نیگەرانی و پەژارەیی خۆی نیشان دا و یۆنۆبینگۆی بە یەکێک لە شکۆدارترین پیاوانی ئوسترالیا ناو برد.

یۆنۆبینگۆ رۆڵێکی گرینگی هەبوو لە خەبات و تێکۆشانی ئوسترالییە رەسەنەکان لەپێناو داننان بە مافەکانیان کە پەیوەست بوو بە داگیرکردنی زەوییەکانیان لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی بیستەم، هاوکات لە تێکۆشانەکانی بەردەوام بوو لەپێناو داننان بە مافی ئوسترالییە رەسەنەکان لە دەستووری ئەو وڵاتە، کە بڕیار وایە لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵدا لە راپرسییەکدا دەنگی پێ بدرێت.