رووسیا: ئەمەریکا و بەریتانیا میدیاکانی جیهانیان کۆنتڕۆڵکردووە

ئاڵای وڵاتانی ئەمەریکا، رووسیا و بەریتانیا
ئاڵای وڵاتانی ئەمەریکا، رووسیا و بەریتانیا

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی کۆشکی کریملن دەڵێت، ئەمەریکا و بەریتانیا میدیاکانی جیهانیان کۆنتڕۆڵکردووە و ئەگەر رەخنەیان لێبگیرێت تووشی هیستیریا دەبن.

دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کریملن رایگەیاند، بەریتانیا و ئەمەریکا میدیاکانی جیهانیان کۆنتڕۆڵکردووە و هەر کاتێک باس لەو قۆرخکارییە بکرێت دوو وڵاتەکە تووشی هیستیریا دەبن.

بەگوتەی گوتەبێژی کۆشکی کریملن، ئەمەریکا و بەریتانیا خاوەندارییەتی بەهێزترین میدیاکانی جیهان دەکەن.

پێسکۆڤ ئاشکرای دەکات، رووسیا و ئەمریکا لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان جیاوازیان هەیە و واشنتن فشار لە وڵاتان دەکات شوێنکەوتووی یاساکانی بن، بەڵام مۆسکۆ داکۆکی لەوە دەکات بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکەن.

سەرەتای مانگی رابردوو تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراوی گفتوگۆی نێوان دوو کەس، یوسف پریگۆژین، بەرهەمهێنەری بەناوبانگی مۆسیقای رووسیا و فەرهاد ئەحمەدۆڤ، بازرگان و سیاسەتمەداری پێشووی رووسیا بڵاوبووەوە، تێدا رەخنەی توند لە ڤلادیمێر پوتن و شەڕی رووسیا لەدژی ئۆکرانیا دەگرن.