وەزارەتی بەرگری تایوان: سەرجەم هێزەکانی بەرگری ئاسمانیمان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

سیستەمێکی مووشەکی تایوان - وێنە: AFP
سیستەمێکی مووشەکی تایوان - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

وەزارەتی بەرگری تایوان بڵاویکردەوە، سەرجەم هێزەکانی بەرگری ئاسمانیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

سەبارەت بە مانۆڕە سەربازییەکەی چین لە سنوورەکانی تایوان و ئەگەری پێکدادان لەنێوان هەردوولا، وەزارەتی بەرگری تایوان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەرێگەی سیستەمی راداری هاوبەشەوە، چاودێری وردی جموجوڵە سەربازییەکانی چین دەکەن و لە ئامادەباشیدان.

ئاماژەی بەوەشدا، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 11 کەشتی جەنگی و 78 فڕۆکەی چینی سنورە ئاسمانی و ئاوییەکانی تایوانیان بەزاندووە.

لەلایەکی دیکەوە مایکڵ کۆڵ، سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، لەئەگەری هێرشی سەربازی چین بۆسەر تایوان ناردنی هێزی ئەمەریکا بۆ تایوان ئەگەرێکی کراوەیە.

سون لی فانگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری تایوان لەلای خۆیەوە رایگەیاند،

دەستدرێژییەکانی سوپای نیشتیمانی چین ناسەقامگیری لەناوچەکە دروستکردووە، ئەمجارە سەردانەکەی سەرۆک تسای بۆ ئەمەریکا کراوتەوە پاساو بۆ ئەنجامدانی مانۆڕە سەربازییەکانیان کە بەشیوەیەکی خراپ ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

گوتیشی: لەگەڵ ئەوەی هیچ ویستێکمان بۆ ئالۆزکردنی دۆخەکە نییە، بەڵام سوپای تایوان سەروەری خاکەکەی و ئاسایشەکەی بەشێوەیەکی ژیرانە دەپارێزێت.

Fly Erbil Advertisment