ئێران: پێویستە ئەمەریکا دەستوەردان لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا نەکات

ئاڵای ئێران و ئه‌مه‌ریكا
ئاڵای ئێران و ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر

رۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە، دەبێت ئەمەریکا لە بارودۆخە نوێیەکانی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا تێبگات، دەستوەردان نەکات لە بەرژەوەندی ئیسرائیل.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە تویتێکدا رایگەیاند: "بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە گواستنەوەی ژێردەریاییەکانی ئەمەریکا و جوڵەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا، یان گواستنەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا بۆ ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا، لە کاتێکدا کە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە مەیلی پێکهێنانی سیستەمێکی نوێی هەیە"، بەشێکە لە خەباتی حکومەتی ئەمەریکا بۆ پەردەپۆشکردنی دابەزینی دەسەڵاتی خۆی لە جیهاندا".

دوێنێ گۆڤاری ئیسرائیل دیفینس، ئاشکرای کرد، ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمەریکی کە بۆ ئاوەکانی کەنداو رەوانەی کردبوو، هەینی رابردوو نۆکەندی سوێسی تێپەڕاند بۆ دەریای سوور.

هێزی دەریایی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو ژێردەریاییەی وڵاتەکەی کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات و هەڵگری مووشەکە، ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکات.

بە گوتەی گوتەبێژی هێزی دەریایی ئەمەریکا، "ژێردەریایی و هێزەکانی دیکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ پشتیوانی و جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە رەوانەی ناوچەکە کراون".