وردەکاری رێوڕەسمی تاجە گوڵینەی شا چارڵزی سێیەمی بەریتانیا ئاشکراکرا

K24 - هەولێر

رۆژی یەکشەممە، کۆشکی باکینگهام ئاشکرایکرد، هەندێک وردەکاری پەیوەست بە رێوڕەسمی تاجە گوڵینەی شا چارڵزی سێیەمی بەریتانیا لە شەشی مانگی داهاتوودا ئاشکرا دەکرێت.

کۆشکی باکینگهام ئاماژەی بەوەشکردووە، چارڵز و کامیلای هاوسەری گەشت دەکەن بۆ وێستمینستەر، کە مەراسیمەکە لەوێ بەڕێوەدەچێت، بە نوێترین گالیسکەی شاهانە، کە گالیسکەی ئەڵماسی یۆبیلییە، کە بۆ یادی 60 ساڵەی دەستبەکاربوونی شاژن ئەلیزابێس لەسەر تەختی بەریتانیا دروستکراوە و بووە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 بەکارهاتووە.

کۆشکی پاشایەتی بەریتانیا روونیکردەوە، کە تاجە گوڵینەی چارڵز لە رێوڕەسمێکدا دەبێت، لەنێوان ئەو نەریتانەی کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر، بڕیارە ماوەی رێوڕەسمەکە کورتتر بێت لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ئەلیزابێسی دایکی کە 70 ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەچوو.

ئەم رووداوە تا رادەیەک جیاواز دەبێت لە دانانی شاژنی کۆچکردوو لە ساڵی 1953، بەتایبەتی لە قەبارەدا بۆ ئەوەی بەشێکی لەگەڵ سەردەمی مۆدێرن هاوتەریب بێت و رەنگدانەوەی تێچووی قەیرانی ئێستای ژیان بێت.

لە گەڕانەوەیان بۆ باکینگهام، چارڵز و کامیلا کۆنترین گالیسکەی شاهانە بەکاردەهێنن، کە گالیسکەیەکی شاهانەی زێڕین و تەمەنی 260 ساڵە و لە هەموو دەستبەکاربوونێکدا لە سەردەمی شا ویلیامی چوارەم لە ساڵی 1831ەوە بەکاردەهێنرێت و بۆ یەکەمجار لەلایەن جۆرج-ی سێیەمەوە بەکارهێنراوە بۆ ئامادەبوونی لە کردنەوەی پەرلەمان بە فەرمی لە ساڵی 1762 .

درێژی عەرەبانەکە حەوت مەتر و بەرزییەکەی 3.6 مەتر و کێشی چوار تۆنە، بۆ راکێشانیش پێویستی بە هەشت ئەسپ هەیە.

سالی گودسیر، هونەرمەندی هونەرە دیکۆراتییەکان دەڵێت: "بەهۆی قەبارەی گالیسکەکە، تەنها دەتوانرێت بە خێراییەکی خاو بەکاربهێنرێت. بەڵام شاژنە ئەلیزابێسی کۆچکردوو لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی ساڵی 2018 دا، گەشتەکەی لە کۆشکی باکینگهامەوە بۆ وێستمینستەر لەناو ئەو گالیسکەدا بە "ترسناک" ناو برد و گوتی: زۆر ئاسوودە نییە.