پایسکلسوارێک دوای بڕینی 11 هەزار کیلۆمەتر دەگاتە هەولێر
K24 - هەولێر:
پایسکلسوارێکی بەریتانی 11 هەزار کیلۆمەتر و 19 وڵات دەبڕێت و دەگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات. ئەو دەڵێت، "دەمەوێت بە دەوری هەموو جیهاندا بخولێمەوە".
رۆژی یەکشەممە 9ـی نیسانی 2023، پایسکلسوارێکی بەریتانی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی "ئەڵێکس"، دوای تێپەڕاندنی 19 وڵات و بڕینی 11 هەزار کیلۆمەتر گەیشتە پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئەڵێكس بەنیازە چەند رۆژێك لە ھەولێر بمێنێتەوە و سەردانی چەند شوێنێكی كەلتووری شارەکە بكات و، وابڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا لەگەل چەند پایسکلسوارەکی شارەکە بە شەقامەكانی ھەولێردا بخولێتەوە و دواتر بەیەكەوە بە پایسکل سەردانی شاری سلێمانی بكەن.
گەنجە بەریتانییەکە دەیەوێت بە پایسکلەکەی سەردانی هەموو وڵاتان بکات و بە دەوری جیهاندا بخولێتەوە و بەنیازە لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە ئێران و لەوێشەوە بەرەو چەند ولاتێكی کیشوەری ئاسیا بڕوات.
ئەڵێکس لەبارەی مامەڵەی شۆفیران لەگەڵیدا دەڵێت: "ئۆتۆمبێلەکان کاتێک ئەم پایسکلە دەبینن بوشایی و رێگەی زیاترم دەدەنێ ئەمەش سەلامەتی زیاترم پێدەدات".
گەنجە 19 ساڵانەکە ئاشکرای دەکات، یەکێک لەو هۆکارانەی وایلێکردووە گەشتەکە ئەنجام بدات، هۆشیاری پایسکلسوارییە و چێژبینینە و، دەڵێت، "بڕوام وایە ئەمە هۆشیاری پایسکلسواری بڵاودەکاتەوە و دەتوانم هانی ئەو کەسانەش بدەم کە لە وڵاتانی دیکە دەیانەوێت پایسکل لێبخوڕن، هەرەها بۆ چێژبینین، ئەم کارە خۆشییەکی زۆری تێدایە."
بەگوتەی ئەڵێکس، نزیکەی ساڵێک دەبێت لە گەشتەکەی بەردەوامە، "شوێنێکی دیاریکراوم نییە بۆ گەشتەکەم و دەمەوێت بەدەوری جیهاندا بخولێمەوە، چونکە تا ئێستا هیچ کەسێک بە پایسکل بە دەوری جیهاندا نەخولاتەوە."
پێشتر چەند پایسكلسواری بیانی بە پایسكل سەردانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بەڵام ئەوەی گەشتەكەی ئەلێكس جیا دەكاتەوە، شێوەی پایسكلەكەیەتی، کە گەورەیە و بەرزییەکەی نزیکەی دوو مەتر دەبێت.