واشنتن هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی باڵگەنامەکان دەدات

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵی زۆر دەدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی بەڵگەنامە سەربازی و هەواڵگرییە نهێنییەکان، کە لە ئینتەرنێت بڵاوبوونەتەوە و وردەکارییەکانی لەخۆگرتبوو، لەوانەش وردەکارییەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد".

شارەزایانی ئەمنی رۆژئاوا و بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، گومانیان هەیە کەسێک لە ئەمەریکاوە لە پشت ئەو دزەپێکراوەوە بێت.

بەرپرسان دەڵێن، ئەو تەوەرە بەرفراوانانەی لەناو ئەو بەڵگەنامانەدا هەن، کە باس لە شەڕەکانی ئۆکرانیا، چین، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەکەن، ئاماژەن بۆ دزەپێکردنی ئەو بابەتانە لەلایەن هاوڵاتییەکی ئەمریکییەوە نەک هاوپەیمانێک.

مایکل مۆڵرۆیی، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "لە ئێستادا گرنگی بەو بابەتە دەدرێت، چونکە زۆرێک لەو بەڵگەنامانە تەنها لە دەستی ئەمریکادا بوون".

بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی سەرەتاییدایە و ئەوانەی بەرپرسی ئیدارەکەن، بەدووری نازانن ئەو کەسانە لایەنگری رووسیابن لەپشت دزەپێکردنی بەڵگەنامەکان، ئەمەش وەک یەکێک لە پێشێلکارییە ئەمنییە جددیەکان سەیر دەکرێت لەدوای دزەپێکردنی ویکیلیکسەوە لە ساڵی 2013 کە زیاتر لە 700 هەزار بەڵگەنامە و ڤیدیۆی لەخۆگرتبوو.

دوو بەرپرسی ئەمەریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، رەتی ناکەنەوە، لە ئەگەری دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکان بۆ بەلاڕێدابردنی لێکۆڵەران سەبارەت بە سەرچاوەکانیان یان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست کە دەتوانێت زیان بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا بگەیەنێت.

یەکێک لە بەڵگەنامەکان کە بەرواری 23ی شوبات و نیشانەی "نهێنی"ی لەسەرە، وردەکارییەکانی کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس300ی ئۆکرانیا دەخاتەروو، کە بەو رێژەیەی ئێستای بەکاریدەهێنن.

ئەو جۆرە زانیارییە وردە پارێزراوانە دەتوانن سوودێکی زۆریان بۆ هێزەکانی رووسیا هەبێت و ئۆکرانیاش رایگەیاندووە کە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەمنی ڕلە رۆژی هەینی کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی رێگریکردن لە دزەپێکردنەکان.