ئەمەریکا .. لە کاتی نوێژدا بە چەقۆ هێرش دەکرێتەسەر پێشنوێژێک

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاوبووەتەوە پیاوێک لە مزگەوتێکی یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر پێشنوێژەکە و بەسەختی برینداری دەکات.

کەناڵی (NBC)ـی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، کەسێک بە ناوی شەریف زۆربا کە تەمەنی 32 ساڵە لە کاتی نوێژدا چووەتە ناو مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب لە شاری پاترسۆن لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمەریکا و پەلاماری پێشنوێژی مزگەوتەکەی داوە بە ناوی سەید نەقیب و لە دواوە چەند چەقۆیەکی بەتوندی لێداوە و بەسەختی برینداری کردووە.

کەناڵە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی هێرشبەرەکە لەلایەن نوێژخوێنانەوە قۆڵبەست کراوە، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و دەستگیریان کردووە.

کەناڵی (NBC) ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی پۆلیسی شاری پاترسیۆن شەریف زۆربا پێشتریش چەند تۆمەتێکی لەسەر بووە لەوانە هەوڵدان بۆ کوشتن، بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشەش بۆ سەر مەلایەکە، چەند جارێک چووەتە مزگەوتەکە و ئامادەکاری پێشوەختەی بۆ کردووە و پلانی بۆ داناوە.

لەلای خۆیەوە ئەندریا سایح، سەرۆکی شارەوانی پاترسیۆن رایگەیاندووە، سەید نەقیب، پێشنوێژی مزگەوتەکە لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چاودێری پزیشکدایە، هاوکات پۆلیس لە چوار دەوری مزگەوتەکە بڵاوەیان پێکراوە.