وەزارەتی بازرگانی عێراق: ئەمساڵ چوار ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمدەهێندرێت

بەرهەمی گەنمەشامی دیاربەکر - فۆتۆ: aa
بەرهەمی گەنمەشامی دیاربەکر - فۆتۆ: aa

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشبینی ئەوە دەکات کە رێژەی بەرهەمهێنانی  گەنم بۆ ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن تۆن، جەختی لەوەشکردەوە، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ ٪85ــی پێداویستیەکانی عێراق دابیندەکات.

حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵەکانی عێراقی راگەیاندووە، بەرهەمهێنانی گەنمی ساڵی 2022 دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن بوو، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆن هەیە، بۆیە بەرهەمهێنانی گەنمی ساڵی رابردوو ٪40ــی پێویستی راستەقینەی پڕکردەوە.

بەڕیوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پاڵپشتی حکومەت زۆرە لە رێگەی کڕینی گەنمی ناوخۆیی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، لە کاتێکدا کڕینی گەنمی ئوستوڕالی دەگاتە 650 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی عێراق، جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەو پاڵپشتییەی حکومەت جووتیارانی هاندا بۆ کشتوکاڵکردن، جگە لەو رێژە بارانەی کە لەمساڵدا باری، یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی.

حەیدەر نوری، جەختی لەوەشکردەوە، عێراق نزیکەی شەش جۆر گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە هەموویان باشن بەڵام کوالێتییان مام ناوەندە بۆیە عێراق پشت بە هاوردەی گەنمی سێ وڵاتیش دەبەستێت کە بریتین لە ئوستوڕاڵیا، کەنەدا و ئەمەریکا، بۆ تێکەڵکردنی گەنمی هاوردەکراو لەگەڵ گەنمی خۆماڵی لەپێناو باشترکردنی جۆری ئارد و بەرهەمەکانی دیکە.