جۆو بایدن سەردانی زێدی باب و باپیرانی دەکات لە ئێرلەندا
K24 - هەولێر
شارۆچکەی بالینا لە باکووری رۆژئاوای ئێرلەندا، ئامادەکاریی دەکات بۆ سەردانەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، کە لە بنەڕەتدا بایدن خەڵکی ئەو شوێنەیە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی نیسانی 2023، دەگاتە شارۆچکەی بالینا، ئەو شارۆچکەیەی کە باوباپیرانی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا جێیان هێشتووە و چوونەتە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە ئەمەریکا.
ئاماژە بەوەشدرا، بڕیارە بایدن لەبەردەم هەزاران دانیشتووی ئەو شارۆچکەیە گوتارێک پێشکەش بکات.
بالینا یەکێک دەبێت لە دوا وێستگەکانی گەشتەکەی بایدن بۆ ئێرلەندا، کە لەوێ سەردانی بێلفاست و دبلن و شوێنەکانی دیکە دەکات.
تاوەکو ئێستاش کەسوکاری بایدن لەو ناوچەیە دەژین، ئامۆزای سێیەمی جۆو بایدن، بەناوی جۆو بڵوت تەمەن 43 ساڵان، دەڵێت: "ئەمە رۆژێکە هەست بە شانازی دەکەین بۆ خێزانەکەمان و ئێرلەندا".
جۆو بڵوت گوتیشی: بایدن کەسوکاری خۆی لە بنەماڵەی بڵوت بانگهێشت کردبوو بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمەریکا، هەرچەندە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە نەیانتوانی ئەو گەشتە ئەنجامبدەن، بەڵام ئەم خزمانەی بایدن، مانگی رابردوو بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی رۆژی پاتریکی پیرۆز لە کۆشکی سپی کردووە.
بڵوت دەشڵێت: "ئەو کەسێکی وەک ئێمەیە، دەسەڵاتی هەیە، بەڵام کەسێکی ئاساییە".
لە ناوەڕاستی شارۆچکەکەدا، لەو شوێنەی کە ئیدوار بڵوت، باپیرە گەورەی بایدن تێیدا ژیاوە، دیوارەکە رەنگکراوە، ئاڵا و پۆستەری ئەمەریکای تێدا هەڵواسراوە.
ئێرنی کافری تەمەن 86 ساڵان، کە پێشتر سیناتۆری ئێرلەندا بووە و ئێستا خاوەنی گەلەری و دوکانی دیارییە، بەڵگەی هەیە کە ئاماژە بەوە دەکات فرۆشگاکە لەو شوێنەدا بووە کە ماڵی باب و باپیرانی بایدنی لێ بووە.
بە گوتەی کافری، دوو مێژوونووس سەلماندوویانە کە دیوارێکی خشتی کۆن لە پشت دوکانەکەیەوە بەشێک بووە لە کوخەکەی ئیدوار بلوت.
سەبارەت بە مارک دافی، کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شارۆچکەی بالینا دەکات دەڵێت: "ئێرلەندییەکان لە سەردەمی برسێتی و ستەمدا ئەم شوێنەیان بەجێهێشتووە"، هەروەها "ئێستا کوڕ و نەوەکەی بالینا سەرۆکی ئەمەریکایە و لە کۆشکی سپیدا دانیشتووە، چیرۆکێکی جوانە".
