کۆشکی سپی وەڵامی لێداونەکانی ماکرۆن دەداتەوە؛ "دڵخۆش و ئاسوودەین"

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (لای راست) و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەنجامدانی کۆنفراسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی | (پێنجشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2022) | وێنە: Susan Walsh / AP
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (لای راست) و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەنجامدانی کۆنفراسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی | (پێنجشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2022) | وێنە: Susan Walsh / AP

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی خۆشحالی ئەمەریکا بە 'پەیوەندی و هاوپەیمانێتییە بەهێزەکەی" لەگەڵ فەرەنسا دووپاتدەکاتەوە و جەختیش دەکاتەوە، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر چەندین ساڵە لەگەڵ پاریس کاردەکەن.

رۆژی دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لەبارەی لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بە ئەمەریکا قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا، زۆر دڵخۆش و ئاسوودەن بە بوونی پەیوەندی و هاوپەیمانییەکی بەهێز لەگەڵ فەرەنسا.

جۆن کێربی روونیشیکردەوە، هەماهەنگی و هاوپەیمانی ئەمەریکا  و فەرەنسا بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی هەردوو وڵات و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە لە سەرانسەری جیهان.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی لێدوانەکانی ماکرۆنەوە گوتی:"من رێگە بە سەرۆک ماکرۆن دەدەم قسەی خۆی بکات، ئێمە زۆر دڵخۆش و ئاسودەین بە بەهێزی هاوپەیمانییەکەمان و ئەو هاوڕێیەتییە توندوتۆڵەی لەنێوان هەردوو وڵات هەیە، ئەو راستیەش ئەوەیە بۆچی ئێمە چەندین ساڵە لە جیهاندا کاردەکەین، بێگومان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە."

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی، ئەو هەماهەنگییە دوو قۆڵییەشی لەنێوان فەرەنسا و ئەمەریکا هەیە، "بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئاسایشی نیشتیمانی هەردوو وڵات وەک ئەوەی پێوسیتە بیپارێزین."

ئەمە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی پۆلۆتیکۆی ئەمەریکی، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، پێویستە سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بەهێزبکەن، بەڵام سنوورێک بۆ پشتبەستنیان بە دۆلاری ئەمەریکی دابنێن و کەمیبکەنەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن بە پێویستی زانی ئەوروپا ستراتیژی سەربەخۆی خۆی پەرەپێبدات تا دووربکەوێتەوە لەوەی ببێتە شوێنکەوتەی سیاسەتەکانی جەمسەرێک.

سەرۆکی فەرەنسا لە بارەی کێشەی دوورگەی تایوان رایگەیاند، ئەوروپا نابێته‌ شوێنکەوتووی چین یان ئەمه‌ریکا و کیشوەرەکە خەریکە خۆی بخاتە ناو قەیرانێک کە پەیوەندی بەو نییە.

ماکرۆن پێیوایە هەر کاتێک تێڕوانینەکان لەگەڵ ئەمه‌ریکا یەکیان نەگرت، دەبێت بەشێوەیەکی راشکاوانە باس بکرێت.

ماکرۆن گوتی: ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و چین لە بارەی تایوان لە زیادبووندان، ئەگەر بەرەنگاری یەکدی بوونەوە ئەوروپا کات و سەرچاوەی نامێنێت تاوەکو بەردەوامی بە ئۆتۆنۆمی ستراتیژی خۆی بدات، لە کاتێکدا دوای چەند ساڵێک دەتوانێت ببێتە سێیەم جەمسەری جیهان.

سەرۆکی فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە 6ـی نیسانی 2023، بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە چین و لەگەڵ شی جیپینگ سەرۆکی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای پەکین کۆبووەوە.