ململانێی سوونە و شیعەکان.. ئایا هاوپەیمانێتییەکەی حەلبووسی و شیعەکان هەڵدەوەشێتەوە؟
K24 - هەولێر:
محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرقاڵی زنجیرەیەک ململانێی فرەلایەنە بۆ ئەوەی خۆی وەک سەرکردەی بەرەی هێز و لایەنە سوننییەکان تەرخان بکات، کە لەسەر پێگە و دەسەڵات دەجەنگن، لە لایەکی دیکەشەوە ناچارە لە بەرەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بێت کە هاوپەیمانی ئەون.
ئەمە وەک ئاماژەیەکە بۆ ئالۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان حەلبوسی و هاوپەیمانەکانی، ئەو راگەیەندراوەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن نووسینگەی حەلبوسییەوە دەرچوو، تێیدا رەتیکردووەتەوە ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبێت، هەروەها پشتگیرییەکی توند لە هەڵوێستی سەرۆکوەزیران لە پەرلەمان و حکومەت دەکات.
پێدەچێت ئەو هەواڵانەی باس لە شەڕی حەلبوسی و سوودانی دەکەن لەراستیدا بێ بنەما نەبێت، نزیکەکانی حەلبوسی باس لەوە دەکەن کە سودانی بڕە پارەیەکی زۆری لە "سندوقی ئاوەدانکردنەوە بۆ زیانلێکەوتووەکان" گواستووەتەوە پارێزگاکان، واتە پارێزگاکانی رۆژئاوا و باکووری عێراق کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون، بۆ بەرژەوەندی پارێزگاکانی دیکەی باشوور و ناوەند، کە بەدەست تێکچوونی ژێرخانەوە دەناڵێنن.
نزیکەکانی حەلبوسی، پێیان وایە بڕیارەکەی حکومەتی سوودانی بۆ دانانی پڕۆژە یاسای بودجەی دارایی فیدراڵی بۆ ماوەی سێ ساڵ، بەو مانایە دێت کە هێزە سوننەکان کارتی دانوستانیان لەگەڵ هێزە شیعەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی ئاوارەکان لەدەست دەدەن لە هەندێک ناوچەدا، هەروەها پرسی ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان لە ناوچە سوننییەکان نامێنێت.
لە لایەکی دیکەوە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان لە مەرجەکانی ئەو هاوپەیمانییە رازی نین لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانی سەروەری ئەنجامدراون، کە حکومەتی سوودانی لەسەر پێکهێنراوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هەندێک لە هێزە سیاسییەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە تایبەت ئەوانەی چەکدارەکانیان لە پارێزگاری ئەنبار بڵاوبووەتەوە، کە شوێنی حەلبوسیە، فشار دەکەن بۆ دوورخستنەوەی حەلبوسی یان ناچاری بکەن دانوستان بۆ رێککەوتنێکی نوێ بکات.
دەستەی دەستپاکی دەڵێت: بەشێک لە فشارەکانی سەر حەلبوسی جوڵاندنی دۆسیەی زەویە زێدەرۆکانی پارێزگەی ئەنبارە، بەڵام دەستەی دەستپاکی رەتیکردووەتەوە، چونکە رۆژی دووشەممە، عەلی فەرحان دلێمی، پارێزگاری ئەنباری بانگهێشت کردووە، بە تۆمەتی بە ئەنقەست زیانگەیاندن بە پارە و بەرژەوەندییەکانی پارێزگای ئەنبار، هەروەها بە دابەشکردنی پارچەی زەوی نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی ئەنبار کە بڕیارە دابمەزرێت.
بە رای زۆربەی چاودێرانی ناوخۆ، مانگی هەنگوینی نێوان حەلبوسی و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە نامێنێت، پێشبینیش دەکرێت ئەگەر ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە لە پەرلەمان دووربخرێتەوە، کە پەیوەستە بە پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی، چونکە حەلبوسی ناڕەزایی بەرامبەر زۆرێک لە بڕگەکانی پڕۆژە یاسایی بودجە هەیە و داوای گۆڕینی دەکات، لە بەرامبەریشدا شیعەکاندا پابەندن پێیەوە.
رەنگە ئەو قسە و باسانەی باس لە ئەگەری کۆتایی هاتنی هاوپەیمانی حەلبوسی و هێزە شیعەکان دەکەن، پێداگری نەیارەکانی بێت لە نێو هێزە سوننەکانی تردا بۆ هاندانی هەندێک هێز و کەسایەتی شیعە بۆ جیابوونەوە لە حەلبوسی، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کە بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو ئەنجام بدرێت.