دەستەی دەستپاکی عێراق زیندانیکردنی سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننی راگەیاند

لۆگۆی دەستەی دەستپاکی
لۆگۆی دەستەی دەستپاکی

K24 – هەولێر:

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننی عێراق دەرچووە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئەرکەکەی و زیانگەیاندن بە دارایی و پارەی گشتی.

ئەمڕۆ (سێشەممە 11ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادوەری دادگای ناوەندیی تاوانەکانی نەهێشتنی گەندەڵی بڕیاری زیندانیکردنی چوار ساڵی بۆ سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننی دەرکردووە، بەهۆی سەرپێچیکردنی لە ئەرکەکەی، کە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە پارە و دارایی گشتی.

فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، دادگا بە پشتبەستن بە ماددەی (331) لە یاسای سزاکانی عێراق بڕیاری زیندانیکردنی بۆ سەعد کەمبەش دەرکردووە، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی لە بەڵگە بەردەستەکان کردووە و روونبووەوە ناوبراو بە پێچەوانەی رێنماییەکانی وەقفی سوننی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی هۆتێلێکی لەسەر پارەی دەوڵەت کڕیوە، کە بەهاکەی 47 ملیار دینارە.

لە 21ـی ئاداری ئەم ساڵ، دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، تیمێکی دەستەی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی توانیویانە بە بڕیاری دادگا، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننی دەستگیربکەن بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئەرکەکەی و قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ سوودی تایبەتی.