وڵاتانی کەنداو و ئوردن و میسر لەسەر پرسی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کۆدەبنەوە

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، رۆژی سێشەممە بانگێشتانمەیەکیان  لە سکرتاریەتی گشتی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوەوە پێگەیشتووە، بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی داهاتوو لە شاری جەدەی سعوودیە، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکان سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی.

ماجد ئەلئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە دەوحە، رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەکە راوێژکارییە، کە ووڵاتانی کەنداو تیایدا بەشدارن و هەریەکە لە ئوردن، عێراق و میسرا بەشداری دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئاماژەی بەوەشکرد، پێشهاتی زۆر هەیە سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بە گەڕانەوەی ووڵاتی سووریا بۆناو کۆمکاری عەرەبی.

ئەلئەنساری پشتراستیکردەوە، شێخ محەممەد عەبدولڕەحمان ئەلسانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.

ماجد ئەلئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، روونیشیکردەوە، "بانگێشتنامەیەکی تایبەت بۆ ووڵاتانی عێراق، ئوردن و میسر نێردراوە، چوونکە ئەو وڵاتانە نیگەرانن لە بارەی هاتنی ووڵاتی سووریا بۆناو کۆمکاری عەرەبی".

هەروەها دیپلۆماتکارێکی عەرەبی لە کەنداو، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا مامەڵە لەگەڵ پرسە گەورەکانی ناوچەکەدا دەکرێت، هەروەها تیشک دەخرێتە سەر پرسی سووریا و تاوتوێی گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ ناو بازنەی کاری عەرەبی دەکرێت.

ئەو دیپلۆماتکارە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاربوو هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەکە لە ئوردن ئەنجامبدرێت، بەڵام دواخرا.

لەلایەن خۆیەوە ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، هێشتا پرسی بەشداریکردنی عێراق لە کۆبوونەوەکە یەکلایی نەبووەتەوە بەڵکو لە گفتوگۆدان سەبارەت بە بەشداریکردنیان.

Fly Erbil Advertisment