جەیک سوڵیڤان بۆ جێنشینی سعوودیە: بایدن بەڵێنی داوە ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت

جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا،  و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا،  و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە

K24 - هەولێر:

جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا،  و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە پێشهاتەکانی یەمەن، ئێران و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری وزەی پاک و تەکنەلۆجیادا تاوتوێ کرد.

کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی جەیک سوڵیڤان و محەمەد بن سەلمان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە؛ لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا پێشهاتەکانی یەمەنیان تاوتوێ کردووە، جەیک سوڵیڤان سوپاسی هەنگاوەکانی سعوودیەی کردووە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی یەمەن و پشتیوانی تەواوەتی وڵاتەکەیشی دەربڕیووە لەم پێناوەدا.

جەیک سوڵیڤان و محەمەد بن سەلمان ئەو هەڕەشانەیشیان تاوتوێی کردووە کە لە ئێران و وڵاتانی دیکەوە سەرچاوە دەگرن و جەیک سوڵیڤان ئاماژەی بەوە داوە کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵێنی داوە ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەردوولا، پێشخستنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات بوو لە بواری وزەی پاک و تەکنەلۆجیا.