نۆ رۆژە دوو هاووڵاتی دانیشتووی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە دهۆک بێسەروشوێنن

دیمەنی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە ناحیەی شێلادزێ، لە سنووری پارێزگای دهۆک | وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
دیمەنی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە ناحیەی شێلادزێ، لە سنووری پارێزگای دهۆک | وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

K24 - هەولێر:

دوو گەنجی دانیشتووی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە دهۆک نۆ رۆژ لەمەوبەر بۆ کردنی گیا بەهارییەکان چوونەتە شاخ  و تا ئێستا بێسەروشوێنن.

ماوەی نۆ رۆژە د‌وو گەنجی دانیشتووی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە ناحیەی شێلادزێ، لە سنووری پارێزگای دهۆک بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە. بە قسەی کەسوکاریان؛ ئەو دوو گەنجە بۆ کردنی گیا بەهارییەکان چوونەتە  شاخ و نەگەڕاونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی نیسانی 2023، رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ ئاگاداکراونەتەوە، کە ئەو دوو گەنجە ونبوونە و بێسەروشوێنن، لە کاتێکدا رۆژی دووشەممە 3ـی نیسانی 2023، لە ماڵ چوونەتە دەرەرەوە و نەگەڕاونەتەوە.

رزگار عوبێد ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو هاووڵاتییانە ناوی عارف عومەر تاهرە و تەمەن 53 ساڵە؛ دووەمیان، هاووڵاتیی ئەحمەد حسێن حەسەنی تەمەن 32 ساڵە، کە نۆ رۆژ دەبێت بێسەروشوێنن و "تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەبارەیانەوە نییە."  

بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ، چەندین جار هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرەیان ئاگادارکردوونەتەوە سەردانی ئەو ناوچە شاخاوییە قەدەغەکراوانە نەکەن، "چونکە پەکەکەی لێیە و لەوانەیە ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە".

 

Fly Erbil Advertisment