شاندێکی ئێران بۆ دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان گەیشتە سعوودیە

K24 - هەولێر:
دوای سەردانی کردنی شاندی سعوودیە بۆ تاران، بەمەبەستی کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان، ئەمڕۆش شاندێکی ئێرانی گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەی خۆیان لەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵی"توسنیم"ی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمرۆ چوارشەممە 12ی نیسانی 2023، شاندێکی باڵای ئێران گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە، بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتەکانیان لەو وڵاتە.
رۆژی یەکشەممە، شاندی سعوودیە بە سەرۆکایەتی، ناسر عەوز ئال غەنوم، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە سەردانی باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەیان لە تاران کرد، ئەمەش دوای رێککەوتن و راوێژی نێوانیان بووە سەبارەت بەکردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیان.
ئێران و سعوودیە لەراگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد، گرنگە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی پەکین بکرێت، هەروەها گۆڕینەوەی متمانە و فراوان بوونی هاوکاریەکان و بوونی سەقامگیری ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە.