هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

.
.

K24 – بەغدا

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا حکومەتی عێراق داوا لە تورکیا بکات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، پەرلەمانتارێکش دەڵێت: دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کار لەسەر یاسای نەوت و گاز دەکەن.

دوای رێککەوتنە کۆنکرێتیەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، کێشە تەکنیکیەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش کۆتایی پێهاتووە، لە دوو رۆژی داهاتوودا حکومەتی عێراق بە فەرمی داوا لە تورکیا دەکات هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێبکاتەوە.

نەهرۆ رواندزی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، کێشە تەکنیکییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت تەواو بووە و "چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی داوا لە حکومەتی تورکیا بکات، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێبکاتەوە".

لە 2005ـەوە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی لەسەر یاساکە نەتوانراوە لەپ ەرلەمان تێپەرێنرێت، پەرلەمانتارێک ئاشکرای دەکات کە دوای پەسەند کردنی بودجە، پەرلەمان دەست بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای نەوت و گاز دەکات.

ئیبتسام هیلالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە راستەوخۆ خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ یاسای نەوت و گاز دەکەین، کە رێککەوتنی سیاسی لەسەر هەیە، بۆیە بە زووترین کات پەسەند دەکرێت".

لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان کردووە و داوایان کردووە کە ئەو رێککەوتنە بکرێت بە یاساییەک، بۆ ئەوەی مافی گەلی کوردستان نەخورێت و شایستە داراییەکان رەوانە بکرێن.

لەوبارەوە جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوامان کردووە مادام هەرێمی کوردستان هەموو نەوت رادەستی حکومەتی عێراق بکات، دەبێ حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت".

کێشە سیاسی، تەکنیکی، ئیداری و داراییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کۆتایی پێهات، چاوەڕوان دەکرێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بەشێک لە لایەنەکانی ناو ئەم پەرلەمانی عێراقیش پێیانوایە، کلیلی چارەسەرکردن و بنبڕکردنی ناکۆکە سیاسییەکانی هەولێر و بەغدا، تەنها یاسای نەوت وگازە.