یانەی هەولێر لە بەغدا سکاڵایەکی لە لوئەی سەڵاح بردەوە

لۆگۆی یانەی هەولێر
لۆگۆی یانەی هەولێر

یانەی هەولێر لە بەغدا سکاڵایەکی لە لوئەی سەڵاح ئەستێرەی پێشووی یانەکە بردەوە و دادگا لە بەرژەوەندیی یانە کوردستانییەکە بڕیاریدا.

دوای ئەوەی ساڵی رابردوو هەریەکە لە لوئەی سەڵاح و عەلی فایز یاریزانانی پێشووی یانەی هەولێر لە دادگای وەرزشی سەر بە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کەرخ سکاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکرد و داوای 875 ملیۆن دیناریان دەکرد، وەکو شایستە داراییەکانیان کە گوایە لە ساڵانی رابردوو لەکاتی یاریکردنیان لە یانەکە پێیان نەدراوە، ئەمڕۆ دادگا سکاڵاکەی رەتکردەوە و لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر بڕیاریدا.

رەوەز سەلام، پارێزه‌ری یانه‌ و ئەندامی بۆردی یاسایی یانەی وەرزشی هەولێر لەبارەی بڕیارەکەی دادگا بە کوردستان24ـی راگەیاند: دوای چەندان دادبینی و ئامادەبوونی تیمی پارێزەرانمان لە دادگا و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکانمان، ئەمڕۆ دادگا بڕیاریدا سکاڵاکەی هەردوو یاریزانەکە رەتبکاتەوە و یانەی هەولێر لە کەیسەکە براوە بوو، دادوەر بڕیاریدا دەستەی کارگێڕی ئێستای یانەی هەولێر هیچ قەرزێکی ئەو دوو یاریزانەی لە ئەستۆدا نییە تا بیداتەوە'.

ئەندامی لێژنەی یاسایی یانەی هەولێر گوتیشی:'چەندان سکاڵای دیکە لە هەولێر و بەغدا لەلایەن یاریزانانی پێشووی یانەکەمان لە دادگا بەهۆی گرێبەستەکانیان و قەرزەکانیان لە ساڵانی رابردوو لەسەر یانەکەمان تۆمارکراون'.

لوئەی سەڵاح لە ساڵانی 2007 تا 2015 لە ریزی یانەی هەولێر یاریی کردووە و سکاڵای لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکردبوو داوای 325 ملیۆن دیناری گرێبەستی وەرزی 2014/2015ـی دەکرد، کە سێ وەرز لەسەریەک لەگەڵ یانەکەی قەڵاومنارە بووە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق.