گۆشتفرۆشێك لە سلێمانی ویستویەتی گۆشتی ئەسپ بە هاووڵاتییان بفرۆشێت

K24 – سلێمانی

لە شاری سلێمانی گۆشتفرۆشێک ئەسپی سەر بڕیوە و ویستویەتی گۆشتەکەی بە هاووڵاتییان بفرۆشێت، بەڵام لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەت دەستی بەسەردا گیرا.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رێکان جەمال ئەندامی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاشکرای کرد، دوو کەس بە تۆمەتی سەربڕینی ئەسپ دەستگیرکراون، کە بە نیازبوونە گۆشتەکەی بە هاووڵاتیان بفرۆشنەوە.

گوتیشی: "ئەو ئەسپەی سەر بڕابوو پارچە پارچە کرابوو، گۆشتفرۆشەکە بە نیازبوو بە نرخی گۆشتی گوێرەکە بیفرۆشێت".

داواشی لە هاووڵاتییانی دانیشتووانی سلێمانی کرد، بە هیچ شێوەیەک گۆشت لەسەر شەقامەکان نەکڕن.

هەر لەو کۆنفرانسەدا فریاد عوسمان ئەندامی لیژنەکانی قایمقامی سلێمانی رایگەیاند: "تائێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراق خواست لەسەر گۆشتی وڵاغە بەرزە نەبووە".

راشیگەیاند: "هیچ لە گۆشتەکە نەفرۆشرابوو، بەڵام سەر بڕا بوو ئامادەیان کردبوو بۆ فرۆشتن".

ئەوە لەکاتێکدا قایمقامیەتی سلێمانی پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی "ئەسپی سەربڕیوەو بە قیمە و گۆشتی گوێرەکە بە هاووڵاتیانی فرۆشتووە".