شاخەوان عەبدوڵڵا: هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی دەست بۆ قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان ببرێت
K24 - هەولێر:
هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنیان لەسەر بابەتی بودجە و نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە، تا ئێستا پەرلەمانی عێراق دوو خوێندنەوەی بۆ بودجەی سێ ساڵی داهاتوو کردووە و چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو پەسند بکرێت. جێگری سهرۆكی پهرلهمانی عێراقیش لهمبارهیهوه دهڵێت: هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی دەست بۆ قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان ببرێت.
سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە رەشنووسی یاساکەدا جێگیر کراوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پهرلهمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، کە رێگە نادەن دەست بۆ بابەتی بودجە ببرێت کە رێککەوتنی لەسەر کراوە و لەناو پڕۆژە یاساکەدا جێگیر کراوە.
گوتیشی، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی دەست بۆ قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان ببرێت، بەتایبەتی حکومەتی عێراق ئێستا ئاگاداری دۆسیەی نەوتە و وردەکارییەکانی دەزانێت و داهاتەکەشی لەژێر سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا دەبێت و هەروەها سەرپشککراوە بۆ ئەوەی کەسێک بۆ سەرپەرشتیکردنی رابسپێرێ.
جێگری سەرۆکی پهرلهمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆمەڵێک بڕگەی دیكه لەناو بودجەدا هەیە و هیوادارن تێیدا سەرکەوتوو بن و بیخەنە پاڵ ئەو 12٪ـەی وەک بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیر کراوە.
روونیشیکردەوە لە ئێستادا خەریکی راستکردنەوەی (ژمارە)ـیەکن کە لە بابەتی پێشمەرگەدا روویداوە، هاوکات گوتی: "بابەتی بودجەی سیادی ئەگەر پارێزگاکانی عێراق بگرێتەوە، ئێمەش هەوڵ دەدەین هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە."
سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ئەویش قسەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و بەڵێنی رەوانەکردنی پارەی داوە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ماوەی 25 رۆژە حکومەتی هەرێم هیچ داهاتێکی بۆ نەهاتووەتەوە، داهاتی سەرەکی هەرێمیش بۆ دابینکردنی بودجە، نەوتە، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵی لەبەردەم پابەندبوونێکی ئەخلاقی و یاساییدایە بۆ ناردنی پارە بۆ ئەوەی مووچەی پێبدرێت، بۆیە سەرۆکوەزیران بەڵێنی ئەوەی داوە پارە بە هەر شێوازێک بێ رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و پێدانی مووچە نەوەستێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا سەبارەت بە دۆسییە گەندەڵییەکانی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و لادانی لە پۆستەکەی گوتی: "راکان جبووری تەنیا بە ئەوان لادەدرێت و خەڵکی دیكه هەر چی دەڵێن موزادەیەیە، چونکە هەموو گەندەڵییەکانی بە دیکیۆمێنت بۆ ماوەی یەک ساڵ کاریان لەسەر کراوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە".
جێگری سەرۆکی پهرلهمانی عێراق جەختیکردەوە، هەموو لایەک دڵنیادەکەنەوە، ئەوەی لەسەر راکان جبووری کراوە، لەسەر هیچ بەرپرسێکی دیكهی عێراق نهکراوە، بەشێوەیەک ئەو رۆژەی دۆسییەکەی رەوانەی سەرۆکوەزیرانی دەکرێت، سەرۆکوەزیران ناتوانێ لادانی لە پۆستەکەی دوابخات و رایبگرێت، بەتایبەتی کە دۆسییە ئامادهکراوەکە پشتی بە بەڵگەکانی ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی عێراقییەوە بەستووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا روونیدەکاتەوە، کە تەنانەت هەندێک دۆسییەی مەتسیداری هەبووە لە دەرەوەن و ئەوانەشیان گەڕاندووەتەوە.