سوودانی لیژنەیەکی لەسەر رەشنووسی یاسای لێبوردنی گشتی پێکهێناوە

K24 - هەولێر
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی پێکهێناوە.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ماوەیەکی درێژە لیژنەیەکی پێکهێناوە بە مەبەستی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای لێبوردنی گشتی، هەر کاتێک تەواو بوو، دەبێتە یاسای لێبوردنی گشتی"، ئەمەش دەبێتە دەستکەوتێک بۆ هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی کە بەشدارن لە حکومەت.
سەبارەت بە بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ، شوانی جەختی لەوەکردەوە، "وەزارەتی داد لایەنێکی دیارە بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، عێراقیش بەشێکە لە رێککەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ".
جەختیشی کردەوە، "هیچ کەسێکی غائیب لە بەشەکانی چاکسازییەکانی وەزارەتی داد دا نییە، بەوپێیەی هەموو ئەوانەی سزادراون بەشێوەیەکی بنچینەیی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقیەوە بووە، بەبێ ئەوەی هیچ سەرپێچی و بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ لە زیندانەکانماندا رووبدات".