جەژنی رەمەزان لە قوتابخانەکانی ئەمەریکاش دەبێتە پشوو

نوێژکردنی موسڵمانان لە ئەمەریکا
نوێژکردنی موسڵمانان لە ئەمەریکا

K24- هەولێر

دوای تەواوکردنی بەرۆژوو بوونی مانگی رەمەزان، موسڵمانان جەژنی رەمەزان دەگێڕن، کە لە یەکەمی مانگی شەوالدا دێت، بەپێی ساڵنامەی کۆچی.

لە زۆربەی وڵاتانی موسڵمانان رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێتە پشوو، ویلایەت و پارێزگاکانی ئەمەریکاش رەزامەندییان لەسەر پشووی ئەم بۆنە ئاینییە داوە، بەتایبەتی لە قوتابخانە حکومییەکاندا.

تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە ژمارەی موسڵمانان لە ئەمەریکادا ئاشکرا بکات، بەڵام مەزەندە دەکرێت سێ بۆ شەش ملیۆن موسڵمان لە ئەمەریکا هەبن، لە کاتێکدا سەنتەری توێژینەوەی "پیو" باس لەوە دەکات کە ژمارەیان لە چوار ملیۆن کەس تێناپەڕێت.

لە ساڵی 2015 سەرۆکی پێشووی شارەوانی نیویۆرک، بیل دی بلاسیۆ، بڕیاریدا پشووی جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان بۆ قوتابخانەکان زیاد بکات، بەمەش بووە یەکەم شاری ئەمەریکی کە بڕیار لەسەر ئەوە بدات، دوای ئەم بڕیارە زۆرێک لە شارەکانی ئەمەریکا دەستیان کرد بە دانانی پشووی جەژنی رەمەزان و قوربان.

زۆرێک لە پارێزگاکانی ناو ویلایەتی میشیگان و نیوجرسی و ماساشوستس بە بۆنەی جەژنی قوربان و جەژنی قوربانەوە بڕیاریانداوە لە قوتابخانەکان پشووی فەرمی بێت.

جێلانی حوسێن، بەڕێوەبەری رێکخراوی CARE Minnesota لە راگەیەندراوێکی پێشوودا رایگەیاندبوو، "هەموو قوتابیان شایەنی رێزگرتنن لەسەر بیروباوەڕی ئایینی خۆیان و پشووەکانیان لەلایەن مامۆستاکانیانەوە".

حەسەن عەوز لە هەمان رێکخراو، ئاماژەی بەوەکردووە، "بەهۆی ئەم بڕیارانەوە قوتابیە موسڵمانەکان دەتوانن لەگەڵ خێزانەکانیان جەژنەکەیان بەڕێوەببەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات خوێندنەکەیان لەدەست بدەن".