خامنەیی رەتیکردەوە ریفراندۆم لەسەر سیاسەتەکانی وڵات ئەنجام بدات
K24 - هەولێر
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانی، جارێکی دیکە دەرگای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی جەماوەری لەسەر سیاسەتەکانی وڵات داخست، ئەمەش دوای ئەوەی رەتیکردەوە دەستووری ئێران بگۆڕێت.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 19ی نیسان 2023، عەلی خامنەیی، لە بەردەم جەماوەرێکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆ، لە بەرنامەی رەمەزاندا قسەی دەکرد و رەتیکردەوە هیچ ریفراندۆمێک ئەنجام بدات.
حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، پێشنیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی کردبوو، سەبارەت بە سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە و ئابووری وڵات.
روحانی بەڵێنی گۆڕانکاری لە وڵاتدا بە جێبەجێکردنی مادەی "59"ی دەستووری ئێران، کە تێیدا خستنەڕووی پرسە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بۆ ریفراندۆمێکی گشتی دیاری کراوە.
روحانی گوتیشی: ئەوەی خەڵک داوای دەکەن رەنگە دەیان پرسیار بێت، بەڵام لە ریفراندۆمێکی گشتیدا دەتوانین داوا لە خەڵک بکەین وەڵامی سێ پرسیار بدەنەوە لە بواری سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ناوخۆ و ئابووریدا.
خامنەیی پرسیاری کرد، ئایا پرسە جۆراوجۆرەکانی وڵات کەوتوونەتە ژێر ریفراندۆمەوە لە کوێی جیهاندا ئەمە روودەدات؟ ئایا ئەو کەسانەی کە پێویستە بەشداری ریفراندۆم بکەن دەتوانن شیکاری ئەم بابەتانە بکەن؟ ئەمە چییە؟.
بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، رێبەری ئێران، رایگەیاندووە، "سەبارەت بە هەر پرسێکی وڵات، دەبێت بۆ ماوەی شەش مانگ خەریکی گفتوگۆ بین، بۆ ئەوەی بتوانرێت ریفراندۆم لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدرێت یان نا.
ئەمە دووەم جارە خامنەیی گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە وڵاتدا، جاری یەکەم لە 21ی ئاداردا و لە یەکەم وتاری ساڵانەی خۆیدا بە بۆنەی نەورۆزەوە ئەو کەسانەی تۆمەتبار کرد، کە لە ناوخۆی ئێران قسە دەکەن لەسەر پێویستی گۆڕینی دەستوور.
گوتیشی: "ئامانجی دوژمن گۆڕینی حکومەتە لەسەر بنەمای سەروەری جەماوەری ئایینی بۆ حکومەتێکی دڵسۆز بۆ ئەوان، دیارە لە شێوەی دیموکراسییەکی ساختەی رۆژئاوادا".