مانگانە 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار لە هەولێرەوە بۆ مووچە رەوانەی سلێمانی دەکرێت

K24 – هەولێر

هەرچەندە مانگانە سەدا 80ی مووچەی مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی لە هەولێرەوە رەوانە دەکرێت، بەڵام زۆربەی مانگ کێشەی دابەشکردنی مووچە لەو پارێزگایە سەرهەڵدەدات.

بەگوێرەی داتاکان، مانگە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی وەزارەتی دارایی مانگانە 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار لە هەولێرەوە رەوانەی ئەو پارێزگایە دەکات، کە دەکاتە %80ی مووچەی ئەو سنوورە، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ نزیکه‌ی ته‌نها (%19)ی کۆی گشتی مووچه‌ ده‌بێت له‌ داهاتی ناوخۆ دابین بکرێت، که‌ ئه‌وه‌ش زۆر ئاسانه‌، به‌ڵام ئه‌و داهاته‌ی له‌ سلێمانی کۆی ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ فه‌رمانێکی سیاسی ده‌برێته‌ده‌ره‌وه‌ له‌ بانکه‌کان.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، لە ساڵی 2019 تا ئێستا نزیکەی 700 ملیارد دیناری یەدەگی بانکەکانی سلێمانی خەرجکراوە.

هەر بەپێی داتاکان، کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری پارێزگای سلێمانی 362 ملیار و 300 ملیۆن دینارە، ئەوه‌ی دیکە ده‌بێت لە داهاتی ناوخۆ پڕبکرێتەوە هاوشێوەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە بەهۆی کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروستکراوە، بەتایبەتی مووچەی خانەنشینان.

بەشێک لە دامەزراوەکانی سلێمانی رایانگەیاندبوو، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە رەوانەی سلێمانی نەکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی وەڵامی ئەو گوتانەی دایەوە و رایگەیاند: "هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە، بە چەند سلفەیەک کە کۆی گشتی 289 ملیارو 500 ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە 80% تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە".