فۆکس نیوز زیاتر لە 787 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کۆمپانیایەک دەکاتەوە

K24 - هەولێر

رۆژی سێشەممە،19ی نیسان 2023، فۆکس نیوز گەیشتە رێککەوتنێک بۆ پێدانی 787.5 ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیای دۆمینیون، ئەمەش بەهۆی نازڕاندنی ئەو کۆمپانیایە بووە، کە دروستکەری ئامێری دەنگدانە.

لە دانیشتنەکانی پێش دەستپێکردنی دادگایی کردنەکەدا، دادوەری ویلایەتی دێلاوێر ئێریک دەیڤس، بینی کە گومانی تێدا نییە کە "فۆکس" لێدوانی درۆی سەبارەت بە "دۆمینیون" پەخشکردووە.

دادوەرەکە لەبەردەم دادگای باڵای ویلایەتی دێلاوێر رایگەیاند، هەردوولایەن دۆسیەکەیان یەکلاییکردووەتەوە، دواتر بە دەستەی سوێندخواردنی گوتووە دەتوانن دوور بکەونەوە.

کۆمپانیاکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە "فۆکس نیوز" ئەو زانیارییە ناڕاستانەی پەخش کردووە، سەرەڕای ئەوەی هەستی بەوە کردووە کە ئەو زانیارییە راست نییە.

دواتر پارێزەری بەرگری لە کۆمپانیای "دۆمینیون" رایگەیاند، کە "فۆکس نیوز" رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی نزیکەی 790 ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیاکە، ئەمەش وەک بەشێک لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە.

پارێزەر جەستن نێڵسن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم بارەگای دادگا گوتی: ئەمڕۆ یەکلاییکردنەوەی 787.5 ملیۆن دۆلار گەیشتە ئەنجام.

فۆکس نیوز تۆمەتی ناوزڕاندن رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنها ئەوەی کردوویەتی گەیاندنی تۆمەتەکانی ترەمپ بووە نەک پشتیوانی لێکردن، ئاماژە بەوەدەکات کە ئەوان بەپێی مافەکانی ئازادی رادەربڕین پارێزراون کە لە هەمواری یەکەمی دەستووری ئەمەریکادا گەرەنتی کراوە.

کۆمپانیای دۆمینیون، لە مانگی ئاداری ساڵی 2021، سکاڵای یاسایی لەسەر فۆکس نیوز تۆمار کرد، داوای قەرەبووی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری لەکەناڵەکە کرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کەناڵەکە تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای بڵاوکردووەتەوە، کە گوتبوی ئەم کۆمپانیایە ئامێرەکانی بۆ ساختەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 بەکارهێنراوە.