هێزی دەریایی ئێران: کەشتی ژێردەریایی ئەمەریکامان ناچارکرد سەر ئاو بکەوێت
K24 – هەولێر:
هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی ژێر دەریایی ئەمەریکایان لە گەرووی هورمز ناچارکردووە سەر ئاو بکەوێت و رێرەوی خۆی بگۆڕێت و ئەمەریکاش رەتیدەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەمە (20ـی نیسانی 2023)، ،ئەدمیرال شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران رایگەیاند، ژێردەریایی ئەمەریکا "فلۆریدا" بە نوێترین ژێردەریایی ئەمەریکی دادەندرێت، بەنیازی ئەوەبوو بەبێ ئەوەی دەستنیشان بکرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت، بەڵام بە بەکارهێنانی ژێردەریایی درووستکراوی ئێران "فەتح" تواندرا دەستنیشانی ژێردەریاییە ئەمەریکییەکە بکرێت و ناچارکرا سەر ئاو بکەوێت و رێڕەوی خۆی بگۆڕێت.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران راشیگەیاند، ئەو ژێردەریاییەی ئەمەریکا خەریکبوو بچێتە ناو سنووری ئاوی ئێرانەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ژێردەریایی "فەتح"ی ئێرانی هۆشداری پێگەیشت رێڕەوی خۆی گۆڕی.
لەلایەن خۆیەوە هێزی دەریاوانی ئەمەریکی رایگەیاندووە، بانگەشەکانی ئێران سەبارەت بە ناچارکردنی ژێردەریایی فلۆریدای ئەمەریکی بە نیشتنەوە لەسەر رووی دەریا، دوورە لە راستییەوە.
هێزی دەریاوانی ئەمەریکی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هیچ ژێردەریاییەکی ئەمەریکی نیازی پەڕینەوەی نەبووە لە گەرووی هورمز و لەلایەن هێزی دەریاوانی ئێرانیش ناچارنەکراوە لەسەر رووی دەریا بنیشێتەوە، بەڵکو ئەم بانگەشەیەی ئێران بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە.
پێشتر دەزگا راگەیەندنەکانی ئەمەریکا بڵاویان کردبووەوە، لە چوارچێوەی هەڵکشانی ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، واشنتۆن بڕیار دەدا کەشتی ژێردەریایی فلۆریدا رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.