کریستیانەکانی سۆران بۆ جەژنانە سەردانی ماڵی موسوڵمانەکان دەکەن
K24 - سۆران:
کریستیانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە مەبەستی پیرۆزبایی جەژن سەردانی ماڵە موسوڵمانە هاوشارەکانییان دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ــی نیسان/ ئێپڕی 2023)، ئیترۆن یۆنانک، قەشەی کەنیسەکانی ئیدارەی سۆران، بە کوردستان24ــی راگەیاند: "ئەوە ژیانی ئێمەیە و برایەتی و پێکەوە ژیانە هاتووینەتە ئێرە بۆ سەردانی براکانمان و جەژنە پیرۆزەیان لێبکەین، ئەم برایەتییەمان دێرینە، هیواخوازین ساڵێکی پڕ خێر و خۆشی و ئاشتیبێت بۆ هەموومان".
لەلایەن خۆیەوە کرمانج عزەت، کەسایەتی ناسراوی ئیدارەی سۆران، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "هەر لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە کریستیانەکان خۆیان لە ئێمە دانەبڕیوە، پێشمەرگەیان هەبووە شەهیدیان هەبووە، هەروەها کادیری باشیان هەبووە کە رۆڵی لەشۆڕشدا هەبووە، فرانسۆ هەریری و چەند کەسایەتییەکی دیکە نموونەی ئەم رۆڵە بوونە کە ئەوان هەیانبووە، ئێستا ئەوان بەشێکن لە خەڵکی ئێمە".
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەک شارێکی زۆرینە موسوڵمان سێ کەنیسەی لە دیانا، هاودیان و بێدیال هەیە و جگە لە رێزگرتنیان بۆ بۆنە ئایینییەکانی موسوڵمانان، لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکانیش هاوبەشی دەکەن و وەک خەڵکی ناوچەکە دەڵێن "ئەگەر بە دواندن نەبێت ناتواندرێت موسوڵمان و کریستیانەکان لە یەکتری جیابکرێنەوە".