دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان: چاوەڕێین کابینەکەی سوودانی سنوورێک بۆ دژایه‌تییه‌كان له‌ گوندی په‌ڵكانه‌ دابنێت

گوندی پەلکانە
گوندی پەلکانە

K24 - هەولێر:

له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی گوندی په‌ڵكانه‌، دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: داوا دەکەین دەستور و یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاووڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن.

رۆژی هەینی (21ـی نیسانی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاندبوو، زیاتر لە 400 کەس لە عەرەبی هاوردە لە گوندی پەلکانە بە دار و بەرد، رووبەڕووی هاووڵاتییانی کورد بوونەتەوە و زیاتر لە 10 هاووڵاتی کوردی گوندەکە برینداربوون.

دوای  ئه‌مه‌ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا پەلاماردانی کوردانی پەڵکانە و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە لە رێگەی ترس و تۆقاندنی سەرکۆنە كرد.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم:

بەداخەوە ئەمە چەندین جارە لە ناوچەی سەرگەڕان و بەدیاری کراوی لە سنووری گوندی پەڵکانەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بەردەرگا لە دانیشتوانی کوردی ناوچەکە ئەگیرێت و لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لە بری جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازادی و دابەشکردنی شیرینی، عەرەبی هاوردە ئەکەونە وێزەی دانیشتوانی کوردی ناوچەکە و خۆشی جەژن ئەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشە و چاو سورکردنەوە و پەلاماردانی کوردی خاوەن زەوی و زار و کێڵگە و زەرعاتی ناوچەکە.

بەداخەوە ئەم پەلاماردانە و داگیرکردنی گوندەکان و خاپوورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای روخانی سەدامدایش بەردەوامە و رووئەدات، ئەمەش دادگا و دادپەروەری عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورەوە، ئێمە لە کاتێکدا ئیدانە و نیگەرانی قووڵی خۆمان رادەگەیەنین، چاوەڕێن لە کابینەکەی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی سنوورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتیانە دابنرێت و دووبارە و سەد بارە نەبنەوە وەک لەئێستادا بەدی دەکرێت.

لەهەمان کاتدا، داوا دەکەین دەستوور و یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاووڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن.

لە کۆتایشدا هەموو لایەک دڵنیا ئەکەین بەهەوڵی دڵسۆزان ئێستا بارودخی ناوچەکە ئارامە، بەڵام پێمانوایە مادەی 140 بنەما گشتییەكه‌ی چارەسەربوونی یەکجاری کێشەکانە لەمبارەیەوە روو دەکەینە بەڕێزان لە سەرۆکایەتی کۆمار و وەزیر و فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغدا، توانا دەستووریەکانی خۆیان لە ئاست  جێبەجێکردنی ئەم ماددە دەستووریە بخەنە گەڕ، لەلایەکی دیكه‌ش هەوڵەکانیان زیاتربکەن بۆ نەهێشتنی ئەم یاساشکێنی و زیادە رەویانە.

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

22ی نیسانی 2023