لە شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان هاووڵاتییەکی عێراقی کوژرا
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوەکانی سوودان هاووڵاتییەکی عێراقی کوژراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (23ـــی ئایار/ ئەیپڕیڵی 2023)، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە ئاژانسی هەوڵی عێراقی راگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان، هاووڵاتییەکی عێراقی گیانی لەدەستداوە، بەبێ ئەوەی زانیاری لەبارەی شوێن و چۆنیەتی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە بخاتەڕوو.
سەحاف، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رابردوو 14 هاووڵاتیی عێراقی لە خەرتوومەوە گواسترابوونەوە بۆ ناوچەی پۆرت سوودان و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ناوچەکە ماون.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دوو ژمارەی بۆ رەوەندی عێراقی لە سوودان بڵاوکردووەتەوە تا پەیوەندییان پێوەبکەن (00249905405402) و (واتس ئاپ/002647730550870) بە مەبەستی کارائاسانی کردن بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵات.
پێشتریش، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە تەواوی کارمەندانی دیپلۆماسیان لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە خەرتووم گەڕاندووەتەوە.
رۆژی شەممە (15ـی نیسانی 2023)، شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە خەرتوومی پایتەختی سوودان و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە، شەڕەکە لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی و سوپای سوودان بە سەرۆکایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهانە.