رووسیا ناڕەزایی خۆی لە پێنەدانی ڤیزای ئەمەریکا بە رۆژنامەنووسانی رووسیا دەربڕی
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی رووسیا، ناڕەزایی خۆی لە پێنەدانی ڤیزای ئەمەریکا بە رۆژنامەنووسانی رووسیا دەربڕی کە بەشێک بوون لەو شاندەی مۆسکۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
رۆژی یەکشەممە، 23ی نیسان 2023، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی "لە ئەمەریکا خۆش نابێت و " کە رەتیکردووەتەوە ڤیزا بەو رۆژنامەنووسە رووسییانە بدات کە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە سەردانەکەیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان یاوەری بوون.
لاڤرۆڤ، پێش ئەوەی بەرەو نیویۆرک بەڕێبکەوێت، گوتی: "لەبیرمان ناچێتەوە و خۆش نابین"، بڕیارەکەی واشنتنیشی شەرمەزار کرد و بڕیارەکەی بە گاڵتەجاڕانە و ترسنۆکانە ناوبرد.
رووسیا لە مانگی نیساندا پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە ئەستۆ، سەرەڕای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا .
لاڤرۆڤ ئامژەی بەوەشدا، وڵاتێک کە خۆی بە بەهێزترین و زیرەکترین و ئازاد ترین و دادپەروەرترین بزانێت، دەترسێت؟، بە گاڵتەجاڕیەوە ئاماژەی بەوەدا، بەهای لێدوانەکانیان سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین چییە.
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، جەختی لەوەکردەوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە جارێک پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکییەکان کردووە، بەڵام واشنتن ڤیزای چوونە ژوورەوەی نەداوە بەو رۆژنامەنووسە رووسیانەی کە بڕیار بوو لەگەڵ لاڤرۆڤ بچنە نیویۆرک.
بە هەمان شێوە ئاژانسی هەواڵی RIA Novosti لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە رایگەیاندووە، دوای ئەم رووداوە، "رۆژنامەنووسانی ئەمەریکی تووشی هەراسانکردن و کێشە دەبنەوە".
مانگی رابردوو رۆژنامەنووسی ئەمەریکی ئیڤان گێرشکۆڤیچ لە رووسیا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرا، بەڵام ئەو رۆژنامەیەی کە کاری تیدا دەکرد و بەرپرسانیش بە توندی ئەمەیان رەتکردەوە.
گێرشکۆڤیچ یەکەم رۆژنامەنووسی بیانییە کە لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر بکرێت.