یەکەم وڵات باڵیۆزخانەی خۆی لەسوودان داخست

K24 - هەولێر

سویسرا باڵیۆزخانەی خۆی لە خەرتومی پایتەختی سوودان داخست، ئەمەش بەهۆی ئەو شەڕەوەیە کە نزیکەی دووهەفتەیە لەو وڵاتە سەری هەڵداوە.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، سویسرا باڵیۆزخانەی خۆی لە خەرتومی پایتەختی سوودان داخست و کارمەند و خێزانەکانیان شوێنەکەیان چۆڵکرد، ئەمەش بەهۆی دۆخی ئەمنی ئێستای وڵاتەکەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هاوکاریی هاوبەشەکانمان بەتایبەت فەرەنسا شوێنەکەمان چۆڵکرد، بەمشێوەیە سویسرا یەکەم وڵات دەبێت کە ئەرکی دیپلۆماسی خۆی لە خەرتوم رابگرێت.

ئەو شەڕەی کە نزیکەی دوو هەفتەیە لە سوودان لەنێوان سوپا و هێزە سەربازییەکانی پشتیوانی خێرادا بەردەوامە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی، کە بەهۆیەوە 420 کەس کوژراون و هەزاران سوودانی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشبوون.

هەروەها سەدان کەسی بیانی بە دیپلۆماتکار و کارمەندانی فریاگوزاری بەهۆی شەڕەوە گیریان خواردووە و وڵاتان کار بۆهێنانەوەی هاووڵاتییانیان دەکەن.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازی، یەکەم فڕۆکەی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەرلین و 101 ئەندامی خۆی لە سوودانەوە گواستەوە وڵاتەکەی.