بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمەریکا: ڤاگنەر هەوڵی دامەزراندن و پێکهێنانی کۆنفیدڕاڵی دەدات

ئەندامێکی گرووپی ڤاگنەر | وێنە: سکای نیوز
ئەندامێکی گرووپی ڤاگنەر | وێنە: سکای نیوز

K24 - هەولێر:

چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی ئەمەریکی ئاماژە بەوە دەکەن گرووپی "ڤاگنەر" هەوڵی دامەزراندن و پێکهێنانی "کۆنفیدڕاڵی" لە چەند وڵاتێکی دژبەری ئەمەریکا لە کیشوەری ئەفریقا دەدات، بۆ ئەو مەبەستەیەش توانای سەربازی خۆی بەکاردێنێت بۆ تێکدانی سەقامگیری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بۆ پشتگیریکردنی هاوپەیمانانی رووسیا.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، ڤاگنەر کە لەلایەن یەڤگینی بریگۆجین، سەرمایەداری رووسی سەرپەرشتی دەکرێت، هەوڵ دەدات لە رێگەی بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆی لەناو وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا، پێگە و رۆڵی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و هاماهەنگکارەکانی پەکبخات.

واشنتۆن پۆست سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی، ڤاگنەر توانیویەتی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بە هەموو توانایەکییەوە لەناو 13 وڵاتی ئەفریقادا کار بۆ پاوانخوازی و دروستکردنی هەژموون بەسەر ئەو وڵاتانەدا بکات لە ئەنجامیشدا پێگەی ستراتیژی لەناو هەشت وڵات لە کۆی ئەو 13 وڵاتەدا جێگیر کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی واشنتۆن پۆست، ڤاگنەر لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا لە چەندین کێڵگەی جۆراوجۆر لە لیبیا و سوودان و چەند وڵاتێکی دیکەدا سەرچاوە سروشتییەکانی دەرهێناوە، هاوکات لە چەند وڵاتێکی دیکەی هەمان کیشوەردا توانیویەتی زێڕ و یۆرانیۆم و چەند کانزایەکی دیکە دەربهێنێ و بۆ سوود و بەرژەوەندی خۆی و رووسیا بیانقۆسێتەوە.

رۆژانامە ئەمەریکییەکە باسی لەوە کردووە، کیشوەری ئەفریقا بووەتە ناوەند و بازاڕی ساخکردنەوەی تەکنەلۆژیای وزەی ئەتۆمی و واژۆکردنی گرێبەستە ئەمنییەکان، لەم سۆنگەیەشدا رووسیا سوودمەند بووە لە واژۆکردنی گرێبەستێک بۆ تەواوکردنی بنکەی دەریایی لە شاری پۆرتسوودان کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سوودان لەسەر کەناری رۆژئاوای دەریای سوور و بڕیار وایە تاوەکوو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 12ـی نیسانی 2023، رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریکی رایگەیاند، ئەو کەسانەی زانیاریە نهێنیەکانیانی ئەمەریکایان لە گروپێکدا لە نامە ناردنی خێرا لەسەر پلاتفۆرمی دیسکۆرد بڵاوکردووەتەوە، نزیکەی بیست کەسن کە خۆشەویستی هاوبەشیان بۆ چەک و سەربازی و یاریە ئەلکترۆنییەکان هەیە.

رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، ئەو کەسە دزەپێکەرە گەنجێکی تەمەن بیست ساڵی بووە و حەزی لە چەک بووە و سەرقاڵی سەربازگەیەکی سەربازی بووە، بەپێی قسەی هاوکارەکانی لە گرووپێکی چات لە ئینتەرنێتدا.

رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا ناوی ئەو کەسەی نەهێناوە، پشتی بە چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو ئەندامی گرووپی چاتەکە بەستووە، کە بەڵگەنامەکان لە گرووپێکی بچووکی داخراودا لە سایتێکی یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا هاوبەشی پێکراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵگەنامەکان لەگەڵ نزیکەی 20 کەسدا هاوبەشی پێکراون کە زۆربەیان پیاو و گەنجن و خۆشەویستییەکی هاوبەشیان بۆ دەمانچە و کەرەستەی سەربازی و یارییە ڤیدیۆییەکان هەیە.

دەشڵێت: ساڵی رابردوو بەشێک لە بەڵگەنامەکانی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها بە هاوکارەکانی لە گرووپەکەی گوتووە کە لە کاتی کارکردنیدا لە بنکەیەکی سەربازیدا بەدەستیهێناوە، بەڵام دیاریی نەکردووە.

لە بەرامبەردا کەسێکی تەمەن 18 ساڵ لە گروپەکەدا کاتێک دزەپێکردنەکان بڵاوبوونەوە، قسەی بۆ رۆژنامەکە کرد و رایگەیاند، ئەو پیاوەی وەک "سەرکردە"ی گروپەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لەنێویاندا بە ئاشنای نهێنییە سەربازییەکان ناسراوە، توانیویەتی لە ماوەی چەند مانگێکدا سەدان پەیامی بڵاوبکاتەوە، لەنێویاندا بڕگەی هەواڵگری نهێنی.

بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ئەو گەنجە بە هاوڕێکانی گوتووە، زۆرێک لەو بەڵگەنامانە بە دەست کۆپی کردووە، چونکە لەو شوێنانە دانراون کە هەڵگرتنی مۆبایل یان ئامێری ئەلیکترۆنی قەدەغەیە.

پێدەچێت مەترسیدارترین دزەپێکردنی نهێنییەکانی ئەمەریکا بێت، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، وێنەی بەڵگەنامە هەستیارەکان لە دیسکۆرد و پلاتفۆرمەکانی دیکەی وەک فۆڕچان، تێلیگرام و تویتەر بڵاوکراونەتەوە.

دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دادی ئەمەریکا بەدواداچوون بۆ ئەو دزەپێکردنە دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی بە ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی دیکەی وەک ئۆکرانیا.