هاوپه‌یمانی فه‌تح رەتیدەکاتەوە هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دوابخرێت

لۆگۆی هاوپەیمانی فەتح
لۆگۆی هاوپەیمانی فەتح

K24 - هەولێر:

سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی فه‌تح ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هه‌ر جۆره‌ رێككه‌وتن یاخود داوایه‌ك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌بێت.

رۆژی دووشەممە 24ـی نیسانی 2023، عه‌لی فه‌تلاوی، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح لە چاوپیکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌كه‌ن رەتکردەوە و بە "بێ بنەما" ناوی بردن و وەکو خۆی دەڵێت، "ئەو دەنگۆیانە "ته‌نها په‌رچه‌كرداری سیاسی ئه‌و لایه‌نانەن كه‌ دژی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بوون."

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 27ـی ئاداری 2023، لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درا و پەسەند کرا.

یەکێک لە ماددەکانی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران و پشت بە سەرژمێری ساڵی 1957 دەبەسترێت.

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانێتی فەتح پێیوایە بۆ دواخستنی هەڵبژرادنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، "پێویستە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هه‌موار بكرێته‌وه‌."

گرنگترین ئەو ماددانەی کە لە ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراون، ئەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەی کۆتای پێکھاتەکانیش گۆڕانکاریان تیایدا کراوە کە نۆ کورسییە و بەم شێوەیەن "کورسییەکانی پێکھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج کورسی و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دھۆک و ھەولێر دابەش کراون، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئێزدی لە پارێزگای نەینەوا، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەک کورسی بۆ پێکھاتەی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا و یەک کورسی بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رایگەیاندبوو و داوایان کردبوو کە سیستەمی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لە دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شکستێکی گەورە بوون، لەبەرامبەردا سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە دەستی لە کاری سیاسیی کێشاوەتەوە، ھەروەھا ئەندامە سەربەخۆکان و تشرینییەکان دژبە گەڕانەوەی یاسای کۆنی ھەڵبژاردنەکانن.

Fly Erbil Advertisment