گۆتێرێز هۆشداری دەدا لە پەڕینەوەی ئاگری شەڕی ناوخۆیی لە سوودان بۆ ناوچەکە

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

K24 - هەولێر:

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ناسەقامگیری لە ناوخۆی سوودان لەلایەن دووبەرەی ناو حکوومەتی ئەو وڵاتە سەریهڵداوە و شەڕ و کوشتار بەرپابووە، لەمبارەیەوە  سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە روودانی کارەساتێکی گەورە لە ناوخۆی سوودان.

ئەمڕۆ (دووشەممە 24ی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و بە ئامادەبوونی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە و لە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئاڵۆزییەکانی سوودان کرا داوا لە وڵاتان کرا کار بکەن بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە.

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا رایگەیاند، لە دەستێکی شەڕی سودان لە 15ی ئەم مانگەوە سەدان کەس کوژراون و هەزارانیش بریندار بوونە و کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتە دروست بووە، کە رەنگە ئاگری ئەو کارەساتە بۆ ناوچەکە بپەڕێتەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز بە پێویستیزانی شەڕ و توندوتیژییەکان رابگیرێن. هەروەها داوی لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد هەموو هەوڵی خۆیان بەگەڕ بخەن بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان. هەروەها باسی لەوە کرد، کە کار دەکەن لەسەر رێکخستنەوەی کاری ستافی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو وڵاتە بۆئەوەی بتوانن هاوکاری خەڵکی سوودان بکەن.

ئەو شەڕەی کە 10 رۆژە لە سوودان لەنێوان سوپا و هێزە سەربازییەکانی پشتیوانی خێرادا هەڵگیرساوە بەردەوامی هەیە و بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتە، کە بەهۆیەوە نزیکەی 500 کەس کوژراون و هەزاران دیکەش لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشبوونە.

هەروەها سەدان کەسی بیانی بە دیپلۆماتکار و کارمەندانی فریاگوزاری بەهۆی شەڕەوە گیریان خواردووە و وڵاتان کار بۆگەڕانەوەی هاووڵاتییانیان لەو وڵاتە دەکەن.