هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: هێرشه‌كانی داعش كه‌مبووه‌ته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه هێرشه‌كانی داعش له‌سووریا و عێراق كه‌مبووه‌ته‌وه، به‌ڵام كۆتاییان نه‌هاتووه.
دوای ده‌ركه‌وتنییان له ساڵی 2014، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش كه ئه‌مه‌ریكا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، داعش له عێراق و سووریا شكستیان پێهێنرا.
له‌ساڵی 2017 له‌لایه‌ن عێراقه‌وه سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش راگه‌یه‌ندرا، هه‌روه‌ها له ساڵی 2019 كۆتایی به دواین پێگه‌یان له سووریا هات، به‌ڵام تا ئێستا له گونده‌كان و شوێنه دووره ده‌سته‌كان چالاكن و هێرشی پچڕپچڕ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ژه‌نه‌ڕاڵ ماتیۆ ماكفارلین فه‌رمانده‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش، له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه رایگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا، له عێراق هێرشه‌كانی داعش به رێژه‌ی له‌سه‌دا 68 كه‌مبووه‌ته‌وه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ پار ساڵ.
ماكفارلین هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، له سووریاش له‌سه‌دا 55ـی هێرشه‌كانی داعش كه‌مبووه‌ته‌وه، ئه‌و هێرشانه‌ی كه پچڕپچڕ ده‌كرێن، لاوازن و له‌سه‌ر ئاستی تاكه كه‌سی و چه‌ند كه‌سین.
ده‌شڵێت: داعش نه‌یتوانیووه خۆی رێكبخاته‌وه، مانگی ره‌مه‌زان هێورترین كات بووه كه داعش تێیدا نه‌یتوانییوه هیچ هێرشێك ئه‌نجام بدات.
باسی له‌وه‌شكرد، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه 1300 كه‌س له ماڵباتی داعش له كه‌مپی هۆل گه‌ڕێندرانه‌وه وڵاته‌كانییان.
له‌مانگی ئاداری ئه‌مساڵ به‌رپرسێكی سه‌ربازی عێراق رایگه‌یاندبوو، داعش 400 تا 500 چه‌كداری له عێراقدا هه‌یه.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، داعش 5 تا 7 هه‌زار ئه‌ندام و لایه‌نگری له سووریا و عێراقدا هه‌یه، نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه چه‌كداره‌كانییه‌تی.