تورکیا لەسەر رووداوی ئەرمەنەکان وەڵامی ئەمەریکا دەداتەوە
K24 - هەولێر
تورکیا ئیدانەی قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکای کرد، کە باسی لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کردبوو لە ساڵی 1915.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دووبارە بەکارھێنانەوەی دەستەواژەی جینۆسایدی لەلایەن جۆو بایدن-ەوە ئیدانەکرد، کە ئاماژەدانە بە رووداوەکانی ساڵی 1915، کە ئەرمەنییەکان لە 24ی نیسانی ھەموو ساڵێک وەک یادگاریەک بۆ جینۆسایدی باوباپیرانیان یادی دەکەنەوە .
چاوشئۆغڵو، لە رێگەی تویتەرەوە، رۆژی دووشەممە گوتی: "ئەو سیاسەتمەدارە فێڵبازانەی هەوڵی شێواندنی مێژوو دەدەن جارێکی تر دەگەڕێنەوە سەر شانۆ، ناتوانرێت مێژوو بە لێدوانی سیاسی بنووسرێتەوە، کەس ناتوانێت وانەی مێژوو بدات بە میللەتی تورکیا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر لێدوانەکانی بایدن، رایگەیاند، "رێبازێکی لەو شێوەیە تەنها دەبێتە هۆی ساختەکردنی مێژوو"، هەروەها ئەوانەی پێداگرن لەسەر پاراستنی ئەم هەڵوێستە لایەنگرییە، لە مێژوودا وەک سیاسەتمەداری هەلپەرست ناویان دەهێنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، داوا لەو لایەنانە دەکات کە هەوڵدەدەن دوژمنایەتی لە مێژووەوە کۆبکەنەوە، دەشڵێت "ئەم هەڵە گەورانە راست بکەنەوە کە ئەنجامتانداوە، هەروەها بەشداری بکەن لە هەوڵەکانی ئاشتی و هاوکاریی ناوچەکەدا بە سەرۆکایەتی تورکیا.
بایدن بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک وشەی "جینۆساید"ی بەکارهێناوە، لە راگەیەندراوەکەیدا سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەرمەنستان سەبارەت بە رووداوەکانی ساڵی 1915 .
ئەرمینیا و لۆبیەکانی لە سەرانسەری جیهاندا داوا لە تورکیا دەکەن دان بەوەدا بنێت، کە ئەوەی لە کاتی ئاوارەبوونی ئەرمەنییەکان لە ساڵی 1915دا روویدا "جینۆساید" بووە.
بەڵام تورکیا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ناتوانرێت ئەم رووداوانە بە "جینۆساید" وەسف بکرێت و وەک "کارەسات" وەسفیان دەکرێت.
ساڵی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کرد، "بە باشی فێری مێژوو ببێت" پێش ئەوەی لێدوانی خۆی سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەرمەنستان بدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو دەربڕینانەی حکومەت و پەرلەمانی هەندێک وڵات سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەرمەنستان بەکاریان هێناوە بۆ تورکیا پوچەڵن.
لە رووداوەکانی شەڕی ناوخۆ لە ئەنادۆڵی ساڵی 1915دا، 300 بۆ 500 هەزار ئەرمەنی و تورکەکان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەرمینیا باس لە قڕکردنی نزیکەی یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی دەکات، دۆسیەی ئەرمەنییەکان یەکێکە لەو دۆسیانەیم بوەتە هۆی ناکۆکی نێوان ئەنقەرە و واشنتن، کە واشنتن پشتگیری لە ئەرمەنییەکان دەکات.