"بەرپرسێکی مەترسیداری داعش کوژرا"
K24- هەولێر
تاڵیبان بەرپرسێکی داعشی کوشتووە کە بە "داڕێژەری پلانی" هێرشە خۆکوژییەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابول دادەنرێت، کە بووە هۆی کوژرانی 13 سەربازی ئەمەریکی و دەیان هاووڵاتی مەدەنی.
بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند، تاڵیبان چەکدارێکی داعشی کوشتووە کە بەرپرسی سەرەکی پشت هێرشێکی خۆکوژی بووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابول لە ساڵی 2021، کە بووە هۆی کوژرانی 13 سەربازی ئەمەریکی و دەیان هاووڵاتی مەدەنی، لە کاتی چۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمەریکاوە.
بۆردومانەکە لە 26ی ئابی 2021 روویدا، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا هەوڵیان دەدا هاوکاری هاووڵاتیانی ئەمەریکی و ئەفغانییەکان بکەن بۆ هەڵاتن لەو وڵاتە، ئەوەش دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان.
رۆژی سێشەممە، 25ی نیسانی 2023، جۆن کیربی گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "ئەو بەرپرسێکی گرنگ بووە لە رێکخراوی داعش لە پارێزگای خۆراسان، هەروەها راستەوخۆ دەستی هەبووە لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی وەک ئۆپەراسیۆنی دەروازەی ئەبی لە فڕۆکەخانەی کابول، بەڵام چیدیکە ناتوانێت پلانی هێرشەکان دابنێت".