فۆکس نیوز دیارترین پێشکەشکاری خۆی لەسەرکار لادا

.
.

K24- هەولێر

دوای چەند کاتژمێرێک لە بڕیاری دەرکردنی تاکەر کارلسۆن، بێژەری کەناڵی فۆکس نیوز، ئۆفەرێکی کاری لەلایەن کەناڵی رووسیا تودەی بۆ هات و بانگهێشتیش کراوە بۆ سەردانی کردنی رووسیا.

ڤلادیمێر سۆلۆیڤ، یەکێک لە شرۆڤەکارە دیارەکانی کەناڵەکە دەڵێت: "خۆشحاڵین کە دەرفەتی کارتان بۆ دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی وەک پێشکەشکار و میواندار بەردەوام بن! هەمیشە لە رووسیا و مۆسکۆ بەخێرهاتنت دەکەین و هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین".

لە ئیمەیڵێکدا سۆلۆیڤ داوای لە کارلسۆن کردووە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید بکات و گوتی: ئێمە پشتگیریتان دەکەین لە هەموو هەنگاوێک کە بڕیار دەدەی، یان دەبێت خۆت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید بکەیت یان دەست بە پڕۆژەیەکی میدیایی سەربەخۆ بکەیت.

 تۆڕی "فۆکس نیوز" دەرکردنی کارلسۆنی راگەیاند، کە پێشکەشکاری دڵخوازی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ بوو، سەرەڕای بینەری زۆری بەرنامە هەفتانەیەکەی کە هەفتەی رابردوو گەیشتە 334 هەزار بینەر، کە ئەم رێژەیە دوو هێندەی بینەری وەک "سی ئێن ئێن" و "ئێم ئێس ئێن بی سی"یە.

راستەوخۆ دوای راگەیاندنی ئەم بڕیارە، پشکی کەناڵەکە بەرێژەی لەسەدا پێنج دابەزی و زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار لە بەهای بازاڕەکەی لەدەستدا.

بریارەکەی فۆکس نیوز، دوای ئەوە هات، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر ناوزڕاندنی کۆمپانیای دۆمنیۆن، کە تایبەتە بە ئامێرەکانی دەنگ، کەناڵەکە دەبێت 787 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە کۆمپانیای دۆمینیۆن.